
جێگری فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتیی ئه‌رته‌شی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌نێوچوونی به‌شێکی به‌رچاوی هێزی دژه‌ئاسمانیی خۆی به‌هۆی هێرشی ئیسرائیل پشتڕاست کرده‌وه و ڕایگه‌یاند: "ئه‌و سیسته‌مانه زیانێکی به‌رچاویان به‌رکه‌وتووه و هه‌ندێکیان نۆژه‌ن کراونه‌ته‌وه".
مه‌حموود مووسه‌وی، جێگری فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاتیی ئه‌رته‌شی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ٢٩ی پووشپه‌ڕ ڕایگه‌یاند: "یه‌که‌مین ئامانجه‌کانی ئیسرائیل له ڕه‌وتی شه‌ڕی ١٢ ڕۆژه‌دا، هێرشکردنه‌سه‌ر سیسته‌مه دژه‌ئاسمانییه‌کانی ئێران بوو و به‌و هۆیه‌وه به‌شێکی به‌رچاو له‌و سیسته‌مانه زیانی جیددی‌یان به‌رکه‌وتووه".
به وته‌ی به‌رپرسانی ئیسرائیل، له ڕه‌وتی شه‌ڕی ١٢ ڕۆژه‌دا، هێزه‌کانی ئیسرائیل توانیویانه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ده‌ست به سه‌ر ئاسمانی ئێران‌دا بگرن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌کان، ئه‌رته‌شی ئیسرائیل به هاوکاریی مووساد و تیمێکی تایبه‌تیی به‌شی زانیاریی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل، ٨٤ سیسته‌می دژه‌ئاسمانیی ئێران له ماوه‌ی چه‌ند شه‌ودا له‌نێو براون.
هه‌روه‌ها دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، یێسرائیل کاتز، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل له به‌یاننامه‌یه‌کدا وێڕای سپاسگوزاری له به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رکه‌وتووانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان له‌نێو دڵی ئێران‌دا ڕایگه‌یاند، ئیسرائیل ئاماده‌یی ته‌واوی بۆ زاڵبوون به سه‌ر ئاسمانی ئێران و تاران به‌تایبه‌تی ده‌پارێزێت.
شایانی باسه لاوازبوونی هێزی به‌رگریی کۆماری ئیسلامی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه ده‌ره‌کییه‌کان به‌تایبه‌ت ئیسرائیل، دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ڕۆژ له کۆتایی شه‌ڕ و ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، دۆخی ئاسمانی ئێران ئاسایی نه‌بووه‌وه و فڕۆکه‌خانه فه‌رمی و سه‌ره‌کییه‌کانی ئێران به ڕووی گه‌شتیاراندا نه‌کرانه‌وه.