
ڕۆژنامەی جەوان سەر بە سپای پاسداران، خوازیاری دروستکردنی دۆسییەی دادوەری بۆ ئەو کەسانە بووە کە لە پێوەندیی لەگەڵ شەڕدا ڕەخنە لە بەرپرسانی حکوومەت دەگرن.
ئەم ڕۆژنامە بە ئاماژەدان بە قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای دادوەری سەبارەت بە بەرەوڕووبووەنەوە لەگەڵ ڕەخنەگرانی شەڕ، باسی لەوە کردووە کە پێویستە دەزگای دادوەری بۆ ڕەخنەگرانی شەڕ دۆسییەی دادوەری ساز بکات.
جەوان جەختی کردووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە پێوەندیی لەگەڵ کۆتایینەهاتنی شەڕ، خەتاباربوونی بەرپرسان لە دەسپێکی شەڕ و هەروەها ئەو کەسانەی کە لەسەر بابەتی سیخوڕی مشتومڕ دەکەن، وەک هەڵسوکەوتێکی تاوانبارانە هەڵسوکەوت بکرێت و دۆسییەی دادوەرییان بۆ چاک بکرێت.
داواکاریی بەرپرسان و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بۆ لەسێدارەدان و دەسبەسەرکردنی خەڵک لە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە بابەتێکی نوێ نییە.
پێشتر هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران، داوای لە حکوومەت کردبوو کە هاوشێوەی لەسێدارەدانە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، دژبەرانی ڕێژیم کۆمەڵکوژ بکرێن.
هەروەها نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە ماوەی ڕابردوودا بەپەسەندکردنی گەڵاڵەیەک خوازیاری ئەوە بوون کە بە توندی لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم هەڵسوکەوت بکرێت.