
لە کاتێکدا کە قەیرانی کەم ئاوی بەشێکی بەرفراوان لە کوردستانی گرتووەتەوە، پارێزگاری تەورێز لە نوێترین وتەکانی خۆیدا بە ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی پاشەکەوتکراوی بەنداوی بۆکان، جەختی لەسەر بەردەوامیی پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو کردووەتەوە.
بەهرام سەرمەست ڕایگەیاندووە کە ٥٠ لەسەدی ئاوی خواردنەوەی تەورێز لە ڕێگەی زەڕینەڕوودەوە دابین دەکرێت؛ ڕووبارێک کە سەرچاوەی سەرەکیی بەنداوی بۆکانی کوردستانە، بەڵام ئێستا بە دابەزینی بێوێنە، ئاوەکەی گەیشتووەتە یەک لەسەر سێ.
هەر لەم پێوەندییەدا، مەجید ڕەستگاری، بەرپرسی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی ورمێ ڕایگەیاندووە کە ئاوی بەنداوی بۆکان گەیشتووەتە ١٨٧ میلیۆن میتری سێ جا کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی ڕابردوو ڕێژەیەکی کەمی هەیە و هەروەها نیشاندەری نەبوونی مودیریەت لە بەکارهێنانی ئاوە.
لەکاتێکدا کە گوندەکانی دەوروبەری بۆکان، سەقز، مەهاباد و نەغەدە لەگەڵ پچڕانی بەردەوام و کەمبوونەوەی ئاوی بیرەکان بەرەوڕوون، بەرپرسای پارێزگا جیرانەکان لەسەر خێراکردنەوەی گەڵاڵەکانی ڕاگواستنی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و پیشەسازیی شارە ناوەندی و پیشەییەکان پێداگرن.
پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو لە زەڕینەڕوود، نە تەنیا قەیرانەکە لە تەورێز دوور ناخاتەوە بەڵکوو بە دروستکردنی هەڵاواردن و نایەکسانی لە بەشەئاو، هەڕەشە لە ژیانی ئابووری و ژینگەیی بۆکان و شارەکانی دەوروبەر دەکات.
زۆربەی کارناسانی سەرچاوە سروشتییەکان هۆشدارییان داوە کە کەڵکوەرگرتنی بەردەوام و نایاسایی لە ڕێگەی ڕاگوساتنی ئاو، دەتوانێ وشکبوونی وردەوردەی بەنداوی بۆکانی بە دواوە بێت؛ بەنداوێک کە ڕۆلێکی گرینگی لە دابینکردنی ئاوی خوادنەوە و وەرزیڕیی ناوچەکەدا هەیە.