
ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، شاندێکی مەڵبەندی ٣ی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد.
لەم دیدارەدا، شاندی مەڵبەندی ٣ی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتوو لە بەرپرسی مەڵبەند دوکتور مەجید حەمەدەمین و شاندی یاوەری سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد کە لەلایەن شاندێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کەماڵ کەریمی و شاندی پێوەندییەکان پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
لەم دیدارەدا هەر دوولا دوای گەنگەشە و لێکدانەوەیەکی چڕ لەسەر پرسی کورد و ئاڵنگارییەکانی لە قۆناخی هەنووکەییدا، جەختیان لە توندوتۆڵترکردنی پێوەندییەکان کرد و دوای لێکتێگەیشتنێکی تەواو و ئەرێنی کۆتاییان بە سەردانەکە هێنا.