کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێر بۆ ڕێژیم و ژەهر بۆ ژینگە/ دەسبەسەرکردنی ناڕازییان بە چالاکیی کانگا زێرەکانی سەقز

12:00 - 31 پووشپەڕ 2725

بەردەوامبوونی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی گوندەکانی دەورووبەری کانگا زێڕەکانی شاری سەقز لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕدا، کۆمەڵێک لە ناڕازییان دۆسییەی دادوەرییان بۆ ساز کراوە و هەروەها سێ کەسیش دەسبەسەر کراون.
سەرچاوەکە بۆ ژووری هەواڵی زیادی کردووە کە ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ی پووشپەڕ، سێ کەس بە ناوەکانی بێهزاد مورادی، موزەفەر مورادی و لەتیف مورادی خەڵکی گوندی مێرگەنەخشینە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر کراون.

بێهزاد مورادی و موزەفەر مورادی هەردووکیان پارێزەرن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دژ بە سیاسەتەکانی ڕێژیم بۆ بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بەتایبەتی کانگا زێڕەکانی شاری سەقز وەستاونەتەوە.
هەر لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەیی شاری سەقز کەمپەینێکیان بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاکییەکانی کانگا زێڕەکانی ئەو شارە بڵاو کردبووەوە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کردووە، هەر لەم پێوەندییەدا بۆ سێ کەسی دیکە لە مێرگەنەخشینە حوکمی دەسبەسەرکردن دەرکراوە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ٢٠ کەسی دیکەش لە خەڵکی گوندی وزمەڵە لەلایەن دادگای شاری سەقزەوە بانگ کراون.
ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ خەڵکی گوندی وزمەڵە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان بە چالاکییەکانی کانگای زێڕی مێرگەنەخشینە، ڕێگەی بارهەڵگرەکانی ئەم کانگایان کە بە نێو گوندەکەدا تێپەڕ دەبوون و ببونە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ خەڵک، داخستبوو.
پاش ئەم ناڕازەیاتییە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەچنە نێو گوندەکەوە و بە گازی فرمێسکڕێژ بەرەوڕووی خەڵکی ناڕازی دەبنەوە.
ساڵانێکە کە خەڵکی شاری سەقز و هەروەها شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر سیاسەتەکانی ڕێژیم بۆ بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان لەم شارە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و چەند کەمپەینێکیشیان لەم پێوەندییەدا ڕێک خستووە، بەڵام تاکوو ئێستا چالاکییە وێرانکەرەکانی ئەم کانگایانە بەردەوامە.

پیسبوونی کەشوهەوا، پیسبوونی ئاوی ناوچەکە و پیسبوونی خاک و ژینگەی ناوچەکە بەگشتی، لە مەترسیدارترین ئاکامەکانی چالاکییەکانی کانگا زێڕەکانی شاری سەقزە و هەموو ئەمانە لەکاتێکیشدایە کە ئەم سامانانە هیچ بەرهەمێکیان جگە لە تێکدانی ژینگە بۆ خەڵکی ناوچەکە تێدا نییە و تەنیا بەرهەمی، دابینکردنی پارە بۆ سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە.