
لە سێبەری دەیان جۆر ناپەرپرسایەتی، پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو بە بێ هەڵسەنگاندنی پرسی ژینگەیی و سەرنجنەدان بە هۆشدارییە زانستییەکان، گۆلی ورمێ یەکێک لە گەورەترین گۆلەکانی ئاوی سوێری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە بەرەبەری وشکبووندایە.
حوجەت جەباری، بەرپرسی پاراستنی ژینگەی ورمێ، ڕایگەیاندووە کە تەنیا توێژێکی ناسک لە ئاو لە باکووری گۆلەکە ماوەتەوە؛ توێژێک کە لە هەندێک شوێندا ٤ تا ٥ سانت ئەستوورە و ئیتر ناکرێ وەکوو ڕووبەری ئاو ناوی لێ ببردرێت.
ناوبراو هۆشداریی داوە کە بە درێژەکێشانی ڕەوتی هەنووکەیی، لە ماوەی ٥ یان ٦ ڕۆژی داهاتوودا، بەشی باکووریی گۆلەکە بە تەواوەتی وشک دەبێت.
ئەمە یەکەم جارە کە بەشی باکووری گۆلی ورمێ کە پێشتر لە ساڵەکانی قەیرانیشدا لانیکەم ٧٠٠ کیلۆمیتری دووجا ڕووبەری ئاوی هەبوو، تا ئەم ئاستە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر بێت.
لە کاتێکدا کە بەشی باشووریش دۆخیكی باشی نییە و قووڵایی ئاوەکەی لە نێوان ١٥ هەتا ٢٠ سانتدا خەمڵێندراوە، زەنگی مەترسی بۆ لەنێوبردنی گۆلەکە لێ دراوە.
جەباری ڕایگەیاندووە: بە دریژەکێشانی ئەم ڕەوتە، گۆلی ورمی هەتا کۆتایی هاوین بە تەواوەتی وشک دەبێت، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەم قۆناغە بەڵام مەودایەکی زۆترمان نەماوە.
ئەم دۆخە ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە ناڕوونەکانی ڕێژیمە کە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ژینگە نەکراوە و هەروەها ئاکامی کەمبوونەوەی بەشەئاوی سروشتیی گۆلی ورمێ، دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی جەغەتوو و تەتەهوو و چاوپۆشی لە کەڵکوەرگرتنی سەرەڕۆیانە لە ئاوە.
گۆلی ورمێ نەتەنیا میراتێکی سروشتی و ژینگەیی بۆ کوردستانە، بەڵکوو قەڵغانێکی سروشتی لە بەرانبەر باوبۆرانی خوێ و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانە و وشکبوونی، میلیۆنان تۆن خوێ لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەو دەڤەرە بەجێ دەهێڵێ.