
بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕ، نانەواخانەکانی شاری سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە وڵامدەرنەبوونی فەرمانداری بە داخوازییەکانیان، مانیان گرتووە.
سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە ماوەیەک لەمەوبەر نانەواکانی سەقز لە کاردانەوە بە گرانبوونی ئارد لەلایەن دەوڵەتەوە، چوونەتە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە و داوایان کردووە کە بەپێی گرانبوونی ئاردەکەیان، نرخی نان هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوی نرخی ئارد، بەرز ببێتەوە.
لە پاش ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، فەرمانداریی سەقز بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی داوە و پێی ڕاگەیاندوون کە بە زووترین کات چاکسازی ل سەر نرخی نان دەکرێت، بەڵام دواتر هیچ ئاڵوگۆڕێک بە سەر نرخی ناندا نەهاتووە.
بەم پێیە، ئەمڕۆ هەمووی نانەواخانەکانی سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی داخراون و مانیان لە کارکردن گرتووە.
هەروەها سەرچاوەکە بۆ ژووری هەواڵی زیاد کردووە کە پاش ئەم هەوڵە، فەرمانداریی شاری سەقز هەڕەشەی پلۆمپکردنی لە نانەواخانەکان کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە جارێ دەبێت بە هەمان شێوەی پێشوو و بە هەمان نرخ کار بکەن.
دەوڵەت فەرماننامەی گرانبوونی نرخی نانی ڕادەستی پارێزگارییەکانی ئێران کردووە بەڵام تاکوو ئێستا ئەم دامەزراوە هیچ بڕیارێکی جێبەجێکاری سەبارەت بەم بابەتە بە فەرماندارییەکان نەداوەتەوە.
وێدەچێت دەسەڵات لە ترسی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک لە دۆخی قەیراناوی ئێستادا و بەتایبەتی پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی، بۆ ماوەیەک خۆی لە گرانکردنی کاڵا سەرەکییەکان ببوێرێت.