کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە سنە

17:41 - 31 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاک هاشم محەممەدپوور ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

کاک هاشم کەسێکی نیشتمانپەروەر و خۆنەویست و ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو.

لە ڕیکەوتی ٢٧ خەرمانانی ساڵی ١٣٦٤دا لە یەکێک لە باخەکانی تەنگیسەر دوو منداڵی کاک هاشم بە ناوەکانی محەممەد و وادار کە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب چووبوونە ئەو شوێنە، لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا و بە هۆی تەقینەوەی نارنجوکێک شەهید بوون.    

کاک هاشم لە دوای شوڕشی گەلانی ئێران و دوای سووتاندنی ئاواییەکانی نییەر و تەنگیسەر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە هۆی برینداربوونی خێزانی و پاشان بەهۆی زەخت و گوشاری جاش و سیخوڕەکانی ڕێژیمی ئاخوندی ناچار بوو ماڵ و حاڵی خۆی بەجێ بهێڵێ و ئاوارەی شاری سنە بێ.

بەڵام نە ئاوارەبوون و نە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانی و نە زەخت و گوشاری ڕێژیم هیچکام نەیانتوانی ببن بە هۆکارێک بۆ دابەزینی ورەی نیشتمانپەروەریی کاک هاشم.

بەردەوامبوونی کاک هاشم لەسەر ڕێبازی خەبات و باوەڕمەندبوونی بەو ڕێبازەی کە هەڵیبژاردبوو لە ئاکامدا بووە هۆی ئەوەی کە لە زستانی ٦٦ی هەتاویدا، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر بکرێ و بە توندوترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە بدرێت.

پاش ۱۲ مانگ بەندکردن کاک هاشم سەربەرزانە لە بەندیخانە ئازاد کرا و گەڕایەوە باوەشی گەرمی بنەماڵەکەی.                    

تەرمی کاک هاشم لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنە و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.