
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، تاران وێڕای ئەوەیکە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، دەستبەرداری بەرنامەی پیتاندنی ئورانیۆم نابێت.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ''فاکس نیووز''، وتی: ''بەرنامەی پیتاندن ڕاگیراوە، چونکە زیانەکان جیددی و بەربڵاون، بەڵام بە ئاشکرا ئێران دەست لە پیتاندن هەڵ ناگرێت، چونکە ئەمە دەستکەوتێکە بۆ زاناکانمان و لە هەمووی گرینگتر، ئێستا بابەتێکی پێوەندیدار بە سەربەرزی میللییە.''
عێراقچی بە ئاماژە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وتی کە دامەزراوەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان بۆ ڕادەی زیانەکان لە ئارادایە. ڕوونیشی کردەوە، ڕێکخراوی وزەی ناوکی هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکانی دامەزراوەکان دەکات، بەڵام ئەوەندەی من بزانم زیانەکان زۆر قورس بوون''.
عێراقچی هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێران بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ئامادەیە، بەڵام ڕاستەوخۆ و لە هەلومەرجی ئێستادا نا. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پێش لە شەڕ، تاران و واشنگتۆن پێنج خولی دانوستانی ناوکییان بە نێوبژیوانیی عومان ئەنجام دابوو، بەڵام نەیانتوانی لەسەر ئاستی پیتاندنی ڕێگەپێدراوی ئۆرانیۆم بگەنە ڕێککەوتن.