کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی ''سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان'' گەیشتە ٧٨ـەمین حەفتەی خۆی

17:49 - 31 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە حاڵێکدا گەیشتە ٧٨ـەمین حەفتەی خۆی کە زیندانییانی ٤٨ بەندیخانەی سەرتاسەری ئێران دژی سیاسەتە کوشندەکانی کۆماری ئیسلامی مانیان لە خواردن گرت.

ئەم مانگرتنە حەفتانەیە هێمای خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ئەو پرۆسە بەردەوامەی لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن کە ڕێژیم لە چەند حەفتەی ڕابردوودا چڕتری کردووەتەوە.

کەمپەینی ''سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان'' لە بەیاننامەی حەفتانەی خۆیدا نووسیویەتی: "لەسێدارەدان ڕێگایەک نییە بۆ دادپەروەری، بەڵکوو ئامرازی تۆقاندنە، دەنگی ئێمە هاواری نا بۆ لەسێدارەدانە دەنگێکە کە هەموو سێشەممەیەک بەرزتر و دەنگدانەوەی زیاتر دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی لەسێدارەدان لە ئێران بۆ هەمیشە دەوەستێنرێت".

لە چەند ڕۆژانی ڕابردوودا نیشانەی نوێی وەگەڕخرانی ماشینی کوشتاری کۆماری ئیسلامی دێتە بەرچاو . بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تەنیا لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤دا لانیکەم ٧١ کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. ئەم لەسێدارەدانانە زیاتر دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا ئەنجام دراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم لەسێدارەدانانە، گوشار لەسەر زیندانییانی بەشدار لە کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کردووە.

ئەندامانی ئەم کەمپیەنە لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڕەشە و دەربەدەری و بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکان بوونەتەوە.