کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشی دووبارە دژی ڕێژیمی ئێران

17:50 - 31 پووشپەڕ 2725

لە دریژەی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بێنی گانتس و ترامپ باسیان لە ئەگەری هێرشی دووبارە بۆ سەر ئێران لە ئەگەری درێژکێشانی هەڕەشەکاندا کرد.

بێنی گانتس وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژیمی ئێران کێشەیەکی جیهانی و ناوچەییە و هەڕەشەیەک بۆ ئیسرائیل بە ئەژمار دێت وتی: "ناهێڵێن کە ئەم ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و هێرش بۆ سەر ئێران کارێکی بەجێ بوو."

ناوبراو لە درێژەدا وتی کە باشترین ڕێگا بۆ دڵنیابوون لە دەستڕانەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، وەلانانی بەرنامەی ناوکییە، بەڵام وا دیارە کە ئەمە ڕوو نادات، کەوایە ناچارین دووبارە هێرش بکەینەوە سەر ئێران.

پێشتریش یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ١٩ی پووشپەڕدا هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری هەڕەشەی دووبارە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل جارێکی دیکە پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج و ئەمجارە هێج شوێنێک پارێزراو نابێت.

لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە جەختکردنەوە لەسەر لەنێوچوونی تەواوی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا، هۆشداریی دا کە ئەگەر پێویست بێ ئەو کارە دووپات دەکەنەوە.

زۆربوونەوەی گرژییەکان و هەڕەشە دوولایەنەکانی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ترۆئیکای ئورووپایی هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی داوە کە لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دیپلۆماتیک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوکی، لە ٩ی خەرماناندا، مێکانیزمی ماشە کارا دەکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە لەسەر بەردەوامیی بەرنامەی ناوکی جەختی کردووەتەوە و وتوویەتی کە پیتاندنی ئۆرانیۆم بووەتە بابەتێکی گرینگ و کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە قورسترین نرخیی جیهانی و سەرەڕای گەمارۆی توندیش، دەست لە پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵ ناگرێت.