
سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی خدر ڕەسووڵی و کلارا ڕەسووڵی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، ئەم دوو کەسە هێشتا لە گرتنگە بەناو ئەمنییەتییەکانی ورمێدا دەسبەسەرن و بە شێوەی نایاسایی ڕاگیراون.
ئەوان لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و هاوکات، میدیاکانی سەر بە ناوەندە سەرکوتکەرەکان هەڕەشەیان کردووە کە بەم زووانە دانپێدانانی زۆرەملێی خدر ڕەسووڵی بڵاو دەکەنەوە؛ دانپێدانانێک کە لەژێر گوشاردا و لە دۆخێکی نایاساییدا تۆمار کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەکی نیوەشەو، تیمێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ورمێ بە هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر ماڵی خدر ڕەسووڵی، وێڕای شکاندنی دەرکە و بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکە، خدر و کلارا ڕەسووڵییان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە بێ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکانیان دەسبەسەر کردوون و بۆ یەکێک لە گرتنگەکان ئەمنییەتییەکانی ورمێیان ڕاگواستوون.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەسبەسەرکرانانە هیچ هۆکار یان تۆمەتێکی یاسایی ڕوونیان نییە و تەنیا بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی کارۆ ڕەسووڵی، کوڕی ئەم بنەماڵەیە. کارۆ ڕەسووڵی لە چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
خدر ڕەسووڵی لە ماوەی زیاتر لە ٢٢ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ هەڕەشە، بانگکران، دەسبەسەرکرانی کاتی و سزای بەندکران بەرەوڕوو بووەتەوە. ناوبراو پێشتریش بە هۆی ئەندامەتیی کوڕەکەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، دەسبەسەر و بە ٥ ساڵ بەندکران و دواتر بێبەریکرانی کۆمەڵایەتی مەحکووم کرابوو.
لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هێزە ئەمنییەتییەکان جارێک هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی و جارێکیش تەقەیان لە ماڵەکەی کردبوو و لە دوو حاڵەتی جیاشدا هەڕەشەی ئاگرتێبەردانی ماڵەکەیان لێ کردبوو.
لە ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، کاناڵەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕایانگەیاند کە بەم زووانە دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە "باوکی کارۆ ڕەسووڵی" بڵاو دەکرێتەوە. لەم هەواڵەدا باوکی کارۆ ڕەسووڵی بە "کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوەندە نیزامییەکانی مەهاباد و ناردنی لە بەرانبەر پارەدا بۆ کوڕەکەی" تۆمەتبار کراوە. ئەم هەوڵە نیشانەیەکی ئاشکرا لە ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی ساختە و بڵاوکردنەوەی وەکوو ئامرازێکی تەبلیغاتییە.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا خدر ڕەسووڵی دوو جار نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکدایە. بەڵام لە ماوەی ١٣ ڕۆژی ڕابردوودا ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە کە ئەمە گیانی ناوبراو دەخاتە مەترسییەوە.