
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، لانیکەم ٦ بەندکراوی بەلووچی لە سێدارە داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، ٤ کەس بە ناوەکانی عەبدولجەلیل دەرکزهی، نێعمەتوڵڵا شەهنەوازی، نەسیر (داریووش) شەهبەخش و کەسێک بە ناوبانگی غولجایی، لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.
کەسایەتیی دوو کەسی دیکە لە لەسێدارەدراوان بۆ ئەم ڕێکخراوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە زیادیشی کردووە کە دوو بەندکراوی دیکە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا، براونەتە ژووری تاکەکەسییەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی حاڵوەش کە هەواڵەکانی بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە، کەسایەتیی ئەم دوو بەندکراوەی بەم شێوەیە بڵاو کردووەتەوە: "خالد بەلووچی خەڵکی زەرئاباد و ناسر سیاهسەر خەڵکی زابول"، کە هەردووکیان بە تۆمەتی کوشتن بەند کراون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ سێ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی گورگان لە سێدارە دراون کە بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، دوو کەسیان هاووڵاتییانی بەلووچن.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بڵاو کرایەوە، کۆماری ئیسلامی بە تۆمارکردنی ٩٧٢ "ئێعدام"، بە تەنیایی ٦٤ لەسەدی هەموو لەسێدارەدانەکانی جیهانی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.
ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵی سیاسی، سڕینەوەی دژبەران و ڕەخنەگران و هەروەها سەرکوتی کەمینەکان، لە سزای لەسێدارەدان کەڵک وەردەگرێت.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستیشی کردبووە کە کەمینەی بەلووچ بە لەخۆگرتنی تەنیا ٥ لەسەدی حەشیمەتی ئێران، لانیکەم ١٠ لەسەدی ڕێژەی لەسێدارەدراوانیان لە خۆ گرتووە.