
چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە پاش تەواوبوونی شەڕ لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە.
وەزیری پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوایین لێدوانی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە هۆکاری خراپبوونی دۆخی ئینتێرنێت و ئاڵۆزییەکانی، هێرشی سایبێری لە دەرەوەی وڵاتە و پێوەندیی بە فیلتێرینگەوە نییە.
سەتار هاشمی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ وتی: "بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە بەرپرسیارەکان، سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم ماوەی ئینتێرنێت لە ئێران، هێرشە سایبیرییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە بووە".
ئەم قسانەی هاشمی لەکاتێکدایە کە ناوبراو حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، ئینتێرنێت بە فەرمانی سەرۆککۆمار واتا مەسعوود پزشکییان، گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
جگە لە وەزیری پێوەندییەکان، چەند بەرپرسی دیکەی باڵای ڕێژیم دانیان بە پچڕانی ئینتێرنیت لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕدا نابوو.
بە وتەی ئەم بەرپرسانە: "دەوڵەت بۆ پاراستنی ئەمنییەتی وڵات لە کاتی شەڕدا ئینتێرنێتی پچڕاندووە".
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی پەسەند کردووە کە بەپێی ماددەکانی، هاوردەکردن، ڕاگرتن، کڕین و فرۆشتنی هەر چەشنە کەرەستەیەک بۆ دابینکردنی ئینتێرنێت کە مۆڵەتنامەی دەوڵەتی نەبێت وەک تاوان دێتە ئەژمار.
لەم گەڵاڵەیەدا بە دیاریکراوی ناوی ئینتێرنێتی "ستارلینک" هاتووە.
ڕێژیم بەم هەوڵانەی دەیهەوێت بە تەواوەتی پێش بە زانیارییە ڕاستەکان سەبارەت بە نێوخۆی وڵات و بەتایبەتی لە کاتی شەڕدا بگرێت.
فیلتێرینگ و سانسۆڕ، یەکێک لە ئامرازە هەمیشەییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک بەتایبەتی لە کاتە هەستیارەکانی وەک خۆپیشاندان و شەڕدا بووە.