کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر تۆڕێکی قاچاخی نەوتی ئێران

11:27 - 1 گەلاوێژ 2725

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ٢ کەس و ٥ ڕێکخراوی دیکەی سزا دا کە لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی بۆ قاچاخی نەوتی و سپیکردنەوەی پارە بەشدارییان کردبوو.
بەپێی بەیاننامەیەک کە ئەم وەزارەتە ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە، تۆڕێکی پێکهاتوو لە ٢ کەس و ٥ دامەزراوە کە لێگیراوە نەوتییەکانی بردووەتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی یەمەن و ساڵانە سەدان میلیۆن دۆلار داهاتی بۆ کۆ کردوونەتەوە، کەوتووەتە بەر سزاکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا.
بەیاننامەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، بارێکی نەوتی ئێران کە بایەخەکەی ١٢ میلیۆن دۆلار خەملێندراوە، ئامادە کراوە تاکوو لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە بە قاچاخ بگاتە دەستی حوسییەکان.
بەپێی یاسای گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، هەموو داهات و سامانەکانی پێوەندیدار بەم ٢ کەس و ٥ دامەزراوەوە بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە گرووپێکی تێرۆریستی، لەلایەن ئەمریکاوە ڕادەگیرێت.
ئەمریکا حوسییەکانی یەمەن وەک گرووپێکی تێرۆریستی دەناسێت کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانیی ماڵی و سەربازییان لێ دەکرێت.