کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کۆماری ئیسلامی زەرفییەت و ئیستعدادی کراوەیی سیاسی و چارەسەری پرسی کوردی تێدا نابیندرێ

14:36 - 1 گەلاوێژ 2725

خالید عەزیزی:

کۆماری ئیسلامی زەرفییەت و ئیستعدادی کراوەیی سیاسی و چارەسەری پرسی کوردی تێدا نابیندرێ

 

ئاماژە: تەلەڤیزیۆنی "ایران انترناشناڵ" ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ وتووێژێکی لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات پێک‌هێنا. وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەو دیمانەیەدا تیشکی خستە سەر سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات لە دوا گۆڕانکارییەکانی ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسڕائیل و کۆماری ئیسلامی، دۆخی سیاسی و ئەمنییەتیی کوردستان دوای ئاگربەس، پرسی چەکدانانی پ ک ک و کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ئێران؛ هەروەها دەوری کورد لە داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوودا.

"کوردستان" پوختەیەک لەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:

شوێندانانی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل‌ لەسەر خەباتی کورد و حیزبی دێموکرات؟

شەڕی ئێران و ئیسڕائیل کاریگەریی لەسەر دۆخی خەبات و تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکرات داناوە، لەم ڕووەوە کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شوێنداریی لەسەر پرسی کورد لە ئێران و خەبات و تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش دەبێ. ئەم شەڕە هەم پرسیار و هەم دۆخی نوێی لە ئێران و تەنانەت ناوچەشدا هێناوەتە ئاراوە. بەوپێیە هەم نیگەرانی و هەم دەرفەتی بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و بزووتنەوە نەتەوەیی و سیاسییەکان لەو وڵاتەدا دروست کردوە. لە شەڕی نێوان دوو حکوومەتی ئیسڕائیل و ئێراندا کە ئێمە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری خوڵقاندن و دەسپێکی ئەو شەڕە دەزانین، وەک حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ئێران گرینگە گۆڕانکارییەکان بە وردی هەڵسەنگێنین و لە خەمی داهاتووی دێموکراتیکی ئێراندا بین و کاریگەریی خۆمان وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی هەبێ.

کاریگەریی شکستی دیپلۆماسی لەسەر سەرکوتی نێوخۆیی

لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا ڕێژیم هەرکات شەڕی سیاسی و دیپلۆماسیی بە لایەنێک دۆڕاندبێ، ڕووی دزێوی شەڕ و تێرۆر و سەرکوتی خۆی پێشان داوەتەوە. کاتی خۆی دوای شکستی وتووێژەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد و کۆماری ئیسلامی کە هۆکارەکەی هەر حکوومەت بوو، هێرشی کردە سەر کوردستان و شەڕی بە سەر کورددا سەپاند. دواتریش لە کاردانەوە بە خەباتی حیزبی دێموکرات بە بەردەوامی ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی دژ بە حیزب لەکاردا بووە و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتیان تێرۆر کردوە کە هەر لەو ڕۆژانەدا ٣٦ ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو بە دەستی بەناو دیپلۆمات بەڵام لەڕاستیدا تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. هەر بە دوای ئەوەدا سیاسەتی میلیتاریزەکردنی کوردستان و بەرفراوانترکردنی شەڕ و توندوتیژی و سیاسەتی سەرکوت لە کوردستان پەرەی پێ درا. هەموو بەرنامە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی تۆڵەکردنەوەی توند لە کورد بووە، تەنانەت بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات چەندین جار مووشەک‌باران کرا، تەنیا لەسۆنگەی ئەوەی کورد لە ناسین و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەپێشتر و جیددیتر لە مەیدانەکەدا بووە. بۆیە ئێستاش کە ڕێژیم لە دیپلۆماسی و شەڕی دەرەکیدا شکستی خواردوە، لە کوردستان بەتایبەت گوشار بۆ سەر خەڵک و گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی زیاتر بووە کە بەشێک لەوان بەهۆی پەروەندە دروستکردنەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەدژی ئەوان حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە.

وەرزی لاوازیی کوردەکان یان پاڕادایمی نوێ؟

ناکرێ بەرتەسککردنەوەی جووڵە و مانۆڕی حیزبە کوردییەکان لە هاوکێشەکانی ئێستای ناوچەکەدا تەنیا لە هەڵسووڕانی سەربازیدا سنووردار بکرێ. لە ئێستادا بزووتنەوەیەکی فکری، سیاسی، مەدەنی و جەماوەرێی بەهێز لە کوردستان لەپێناو خەبات بۆ دێموکراسی لە ئێران و چەسپانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لەو وڵاتەدا لە ئارادایە. بۆ نموونە لە بزووتنەوەی ژینادا کە حیزبی دێموکرات هەوڵی دا ئەم بزووتنەوەیە لە هەموو کوردستاندا گشتگیر و بۆ ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستان و ئێرانیش پەل باوێژێ، ئەمە بەهۆی جووڵە و مانۆڕی نیزامی و پێشمەرگانە نەبوو. هەر لەجێدا بزووتنەوە و بەرگریی چەکداری بەسەر ئێمەدا سەپاوە. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەوڵی داوە خەباتی کورد بۆ مافەکانی لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی سیاسی و مەدەنیدا بچێتە پێشی. کۆماری ئیسلامی پێی خۆشە ئەو بزووتنەوەیە تەنیا لە ڕەهەندی چەکداریدا پێناسە بکا بۆ ئەوەی بە ئاسانی بیەوێ سەرکوت و سنوورداری بکا؛ بەڵام لە ڕاستیدا وا نیە و بزووتنەوەی کورد جووڵانەوەیەکی میللی و دێموکراتیکە و خەباتەکەمان لەپێناو چەسپاندن و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانمان‌دایە.

چەکدانانی پ ک ک و کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ئێران

چەکدانانی پ ک ک کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە تورکیە و تەنانەت هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەکەس دەبێ. بەڵام لەبیرمان بێ دۆخی سیاسیی تورکیە و ئێران جیاوازە. لە تورکیە کرانەوەیەکی سیاسیی ڕێژەیی هەیە و دەکرێ لەو وڵاتەدا وتووێژ و داننان بە کۆمەڵێک پرسی سیاسی چاوەڕوانکراو بێت، بەڵام بەداخەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لانیکەمی ئەو کراوەییە نابینین و پێناچێ دۆخی لەو چەشنە لە ئێراندا وێنا ببێ. لەگەڵ ئەوەدا کە پرسی جەوهەریی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام هەمووان دەبێ پرسی کورد لە ئێران بە دەرفەت بۆ بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە دابنێن. کوردەکان نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەشدا هەڕەشە نین، بەڵکوو دەرفەتن بەڵام بەداخەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کراوەییەی تێدا نیە و خەبات و بزووتنەوەی چەکداری نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا بەسەر کورددا سەپاوە. ئێستا لە ئاستی ناوچەکەدا نیزامێکی سیاسیی فێدراتیو لە عێڕاق لەسەر ڕێککەوتنی کوردەکان و لایەنەکانی دیکەی ئەم وڵاتە پێک‌هاتوە، لە سووریە هەوڵ دەدرێ کوردەکان لە داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی سووریەی نوێی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەددا دەوری کاریگەر و بنیاتنەریان هەبێ و بەشداریی زیاتریان لە پڕۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا هەبێ. لە تورکیەش حیزب و لایەنە سیاسییەکان، پاڕلمان و دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە هاتوونەتە سەر بڕوایە کە دەبێ پرسی کورد چارەسەر لە تورکیەدا چارەسەر ببێ. بەڵام کە چاو لە دۆخی ئێران دەکەین دەبینین کە کۆماری ئیسلامی قەت زەرفییەت و ئێستعدادی ئەو کراوەیی و بەرەوپێشچوونەی نەبوو و هەموو جارێکیش پەیامی ئاشتیخوازی و گوتاری چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کورد لە ئێرانی بە تێرۆری خەباتکاران، شەڕ و سەرکوت و ئاگر و ئاسن وەڵام داوەتەوە.

لە ئێستاشدا کە ڕوانگەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییش بەنیسبەت پرسی کورد گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردا هاتوە و ئەم هاوسۆزی و پشتیوانییەمان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا بەرچاو کەوت و ئەمە ڕۆچنەیەکی هیوای بەڕووی چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کورد و نەتەوەکان لە ئێرانی داهاتوودا کردۆتەوە، بەڵام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا وەک هەمیشە داخراو و نەگۆڕ بووە. بۆیە جارێکی پێ دادەگرینەوە کە داخوازی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێرانین و داوا لە هەموو پێکهاتەکانی ئێران دەکەین بە سەرنجدان بە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لە وڵاتانی عێڕاق، سووریە و تورکیە هەمووان پێکەوە هەوڵ بۆ بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوو لەسەر بنەمای داننان و ڕێزگرتن لە مافە دێموکراتیکەکانی یەکتر بدەین.