
قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندوە
عومەر باڵەکی
٢٢ی مانگی پوشپەری ئەمساڵ ٣٦ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو وعبدوڵڵا قادریئازەر بوو کە لەسەر میزی بەناو وتووێژ بە دەستی دیپلۆماتتێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ڤیەن، پێتەختی وڵاتی ئوتریش شەهید کران.
تێرۆر و شەهید کردنی دوکتور قاسملوو زیانێکی گەورەی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دا و لە هەمان کاتدا برینێکی قوڵی خستە جەستەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لەو کاتدا باری قورسی بەرگری چەکدارانە لە بەرانبەر شەری داسەپاو بەسەر کوردستانی کەوتبوو سەر شانی. هەروەها شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو زیانێکی قەرەبوونەکراوی لە بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی گەڵانی ئێرانیش دا. چونکە دوکتور قاسملوو باوەڕ و ئیمانی بەو ڕاستییە هەبوو کە بۆ گەیشتن بە حکوومەتێکی دێموکراتیک لە ئێران هاوکاری و هاوخەباتیی هەموو گەلانی ئێران پێویستە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیک لە هێزە نیشتمانی و دێموکراسیخوازەکان بێوەچان کاری کرد.
لەگەڵ ئەو ڕاستییە کە لەدەستدانی دوکتور قاسملوو بۆ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد خەسارێکی گەورە بوو، لە هەمان کاتدا کەلکوەرگرتنی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە نیازپاکیی دوکتور قاسملوو بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد بۆ شەهیدکردنی ئەو ڕێبەرە مەزنە، ئەوەندی دیکە ژانی لە دەستدانی دوکتور قاسملووی بەژانتر کرد. بەڵام چ ئەوکاتەی هەواڵی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بڵاو بۆوە و چ ئێستا دوای تێپەرینی ٣٦ساڵ بەسەر شەهید کرانیدا، ئەوە سەلمێنرا کە دوکتور قاسملوو تەنیا جەستەیەک نەبوو کە بە شەهیدبوونی لە بیر بچێتەوە؛ بەڵکوو ڕێبازێکە بە تێپەربوونی زەمان ڕۆژ بەڕۆژ گەشە و باڵا دەکا و هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستانی داپۆشیوە.
لەو ڕۆژەوە دوکتور قاسملوو بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کراوە، هەموو ساڵی لە کوردستان سەرەڕای ڕێگری و سەرکوتی بەبەرنامەی حکوومەت، خەڵکی کوردستان و ڕێبوارانی ڕیگا و ڕێبازی دوکتور قاسملوو بە شێوازی جۆراوجۆری یادی ئەو ڕێبەرە هەڵکەوتووە دەکەنەوە و دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات دریژەی هەیە" لە شار و گوند و شەقامەکانی کوردستان دەنگ دەداتەوە. نموونەی زۆر زیندووی ئەو زیندوویەتییە لە ڕاپەرینی "ژینا"دا بە ڕوونی پێشانی دایەوە کە بیر و ئەندیشەکانی دوکتور قاسملوو لە نێو کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زیندووە و هەردەم لە پەرەئەستاندندایە، چونکە دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" لەسەر زاری نەسلێک دەگوترایەوە کە نەوەی نوێ و تازەپێگەیشتووی کۆمەڵگەی کوردستانن. بۆیە دەتوانین بڵێن قاسملووی نەمر چۆن لە سەردەمی ژیان و زیندووبوونی خۆیدا بە کار و تێکۆشانی بێوچان خزمەتی گەورەی بە پێشخستنی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، بە مەرگی نابەوەختیش ناوی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی بە گوێی گەڵانی جیهان ئاشنا کرد؛ بەو مانایە کە شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بوو بە دەنگدانەوە و لەرینەوەی دەنگی مەزڵوومییەت و خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە سەرانسەری جیهاندا و لە هەمان کاتدا ڕوخساری دزێو و شەڕەنگێز و تێرۆریستپەروەری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە جاران بە دنیا ناساند.
بە پێچەوانەی ئامانجی دوژمن کە پێی وابوو لە دوای شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو سەنگەری شۆڕش و خەبات چۆڵ دەبێ و ئەو جووڵانەوەیەش بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەو نسکۆ و داڕمان دەروا، هەر لەو کاتدا بە سەدان گەنج و لاوی کوردستان بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە بەرانبەر خوێنی بەناحەقڕژاوی دوکتور قاسملوو و هەمووی شەهیدانی حیزب و گەل ڕوویان لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد و سەنگەری خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردیان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە جاران ئاوەدانتر کردەوە.
لەو کاتدا کە هەواڵی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو بڵاو بۆوە، لە گەڵ ئەوەدا بیستنی ئەو هەواڵە بۆ ئەندامان و کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەواڵێکی بەژان و جەرگبڕ بوو، بەڵام لەو هەلومەرجە ناخۆشەدا کەس بێهێوا نەبوو و چۆکی دانەدا و پشتی لەژێر باری ئەوکۆستە گرانە نەچەماندەوە، بەڵکوو بە ئێرادەیەکی پتەو و پۆلایینی پێشمەرگانە هەستی بەرپرسایەتی لە هەموو جومگەکانی حیزبی دێموکراتدا وەرێ کەوت. هەروەها ئەو وتە بەنرخەی شەهید دوکتور قاسملوو کە دەیفەرموو "باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی ڕیگایانە"، بوو بە چرای ڕێگای تێکۆشان و خەبات لەپێناوی وەدیهینانی ئامانجی شەهیدان. هەر ئەوە وای کرد بە پێچەوانەی لێکدانەوەکانی دوژمن کە پێی وابوو حیزبی دێموکرات دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لێک هەڵدەوەشی یا ئەوەندە لاواز دەبێ نابێتە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەوە سەلمێندرا دوای تێپەرینی ٣٦ساڵ بەسەر شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، بە هەوڵ و هیمەتی ئەندامان و کادر و پێشمەرگەی حیزب و بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرەو پێشبردنی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی توانیویەتی کاریگەریی خۆی دابنی و پێگەی خۆی لەنێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بەهێز و بەربەرین بکا.
لە هەلومەرجی ئێستادا کە حکومەتی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی گڵۆڵەی تەمەنی کەوتۆتە لێژی و لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران شەرعییەتی لەدەست داوە با ڕێگا و ڕیبازی شەهید دوکتور قاسملوو بکەینە هەوێنی یەکگرتووی کۆمەلگەی کوردستان بۆ سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران و دابینکردنی دێموکراسی و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گەیشتن مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ئێرانی دێموکراتیکدا.