کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەت بە تاموچێژی ئەکادێمیا

15:02 - 1 گەلاوێژ 2725

سیاسەت بە تاموچێژی ئەکادێمیا

سۆران عەلی‌پوور

پرسیارێک کە دەبێ لەو ڕۆژانەدا بۆ وڵامەکەی بگەڕێین ئەوەیە کە چۆنە دوای ٣٦ ساڵ لە تیرۆری د. قاسملووی شەهید و یارانی، هەروا ناو، هەڵویست، ژیان و بیروبۆچوونەکانی لە ڕۆژەڤ‌دان؟ بۆچی لە بزووتنەوەی ژینادا دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگەت درێژەی هەیە" یەکێک بوو لەو دروشمانەی لەسەر زمانان بوو؟ خۆشەویستیی ئەو مرۆڤە  لەنێو  خەڵک و بەشێک لە  نەیارانیشیدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟ وڵامدانەوە بەو پرسیارانە لێکۆڵینەوەی زانستی و مەیدانیی گەرەکە کە لە توانای ئەو وتارەدا نیە، ئێمە هەوڵ دەدەین بە ئاوردانەوەیەک لە ژیانی زانستیی ئەو مرۆڤە، بەشێک لە بەرهەمەکانی و کاریگەریی توانای ئاکادێمی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی، بە دوای بەشێک لە وڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێین.

 نەوەی ئێمە کە لە نزیکەوە ئاوێتەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتە، لەوانەیە دوایین نەوە بێ کە د. قاسملووی لە نزیکەوە دیتبێت و لە یادەوەریی خۆیدا کۆمەڵە بیرەوەرییەکی لەو مرۆڤە هەڵگرتبێ، وێنەی منداڵیی من لە "کاک دکتور"* تێکەڵێکە لە ڕوخساری پیاوێکی جامانەلەسەری ڕووخۆش کە لە بۆنە و ڕێورەسمەکاندا وتاری دەدا لەگەڵ ناوی "د. عبدالرحمن قاسملوو" کە لەسەر بەرگی دوو کتێبی "کوردستان و کورد" و "چل ساڵ خەبات"دا لە سەر تاقچەی پەنجەرەی ماڵی ئاوارەیی لە بناری قەندیل لەگەڵ چەند کتێبێکی دیکەی وەک "دان چەرموو" و "هەتاو"دا ڕۆژانە دەکەوتە بەرچاوم.

جیاکردنەوەی دوو کاراکتەری "کاک دکتور" و "د. عبدالرحمن قاسملوو" کە زۆر زوو لە ژیانی د. قاسملوودا پێ بە پێی یەک دەبینرێن و هەنگاو دەنێن، بۆ من و لەوانەیە بۆ زۆر کەسی دیکەش کارێکی ئاسان نەبێ. کاک دکتور کەسایەتییەکی سیاسی، سکرتێری حیزبێک، دیپلۆماسێکی شارەزا و ڕێبەرێکی خۆشەویست، کاریزماتیک و پراگماتیستە کە بەردەوام لە هەوڵی داڕشتنەوە، بەخۆداچوونەوە و قۆستنەوەی دەرفەتە جۆراوجۆرەکانە بۆوەی بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک بەها و پڕەنسیپی بەرزی ئەخڵاقی و مرۆیی، کەشتیی کوردان لە دەریای پڕ لە گێژەن و شەپۆلی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگەیەنێتە کەنار. تێگەیشتن لە کەسایەتیی کاک دکتور زۆر جاران تێکەڵە لەگەڵ هەستێکی پاکی پڕ لە نۆستالۆژی و بەداخەوەش هێندێک جار "تقدیس" کردنی بە مەبەست و بەکارهێنانی ئەو ناوە بۆ مەرامی دیکە.

 لە بەرامبەریشدا "د. عبدالرحمن قاسملوو" کەسایەتییەکی ئاکادێمی بیرفراوان و ڕەخنەگرە، کە لە ڕێگەی خوێندنەوە، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەکانی لە هەوڵ‌دایە گوڵبژێری تیۆرییە جیاوازە سیاسییەکان بکا و لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی زانستیانە لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد، کۆماری کوردستان، ئیدۆلۆژییە جیاوازەکان و دیاردە و ڕووداوەکان هۆکارەکانی نەگەیشتنی ئەو کەشتییە بە کەنارێکی ئارام بخاتە ڕوو.

مەبەستی سەرەکیی ئەو وتارە خوێندنەوەیەکە بۆ کاراکتەری "د. عبدالرحمن قاسملوو" و شوێن‌پێی ئەو کارەکتەرە لە ڕێڕەوی قافڵەی ژیانی سیاسی "کاک دکتور" دا. خوێندنەوەیە بۆ ئەو کوڕە لاوەی ماکسیم گۆرگی بە لاوانی دۆڵی قاسملوو دەناسێنێ تا ئەو کەسایەتییەی لە زانکۆکاندا خوێندنەوە بۆ ئابووریی سەرمایەداری دەکات و لە دانیشتنەکانیدا وتەکانی "ت. سین. ئەلیۆت" ، ڤیکتۆر هۆگۆ و شێعرەکانی بۆدلێر دەکاتە شیرینیی باس و خواسەکانی.

گرینگی ئەو باسە کاتێک بەرچاوتر دەبێ کە لە گرینگیی ئەکادێمیا لە پێشکەوتنی شارستانیەت و هزری مرۆڤ ئاگادار بین، ئەو ڕۆڵەش بناسینەوە کە خوێندکاران و ئەکادیمیستەکان لە گۆڕانکارییەکان و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا گێڕاویانە. هاوکات ئەو هەڕەشانەش بە هەند وەربگرین کە لە لایەن هێزە ئۆتۆریتەخواز و پۆپۆلیستەکان نەک هەر لە وڵاتانی جیهانی سێهەم بەڵکوو لە ڕۆژئاواشدا دەکرێنە سەر دامەزراوە زانستی و ئەکادێمییەکان، خوێندنەوەی بابەتییانە لە دیاردە و ڕووداوەکان ئەنجامگیرییەکی وردتر و ڕیالیستیتر بەدەستەوە دەدا، بەهرە و تواناییەک کە د. قاسملوو لە هەڵوێست و ژیانی سیاسیی خۆیدا لێی بەهرەمەند بوو، مارک کاراڤێزی ڕۆژنامەنووس لە دەڕبرینێکدا ئەو تایبەتمەندییە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو: "ئەو بە هاسانی دەیتوانی توندوتیژیی پێویست بۆ خەباتێکی سیاسیی چەکدارانە لەگەڵ شک و گومانێکی سەرچاوەگرتوو لە ژیانی زانستیی خۆی ئاوێتەو یەکانگیر بکا."
(لیبراسیۆن ٧ئاگوستی ١٩٨٩).

ژیانی ئەکادێمی:

لەسەر دەسپێکی ژیانی ئاکادیمیی د. قاسملوو بیروبۆچۆۆنی جیاواز هەیە، ئاخۆ لە ئیستانبوڵ لە بەشی کۆمەڵناسیی کۆلێژی ئەدەبییات دەستی بە ژیانی زانکۆ کردوە، وەک ئەوەی موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانی باسی دەکا و پاشان لە ڕێگەی کامەران بەدرخانەوە بۆرسێکی خوێندنی لە پاریس وەرگرتوە یا ڕاستەوخۆ لە تارانەوە دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی لە لایەن حکوومەتەوە ڕەوانەی پاریس کراوە؟ ئەو کە بە خوێندنی ئابووریی سیاسی ژیانی ئەکادیمیی دەست پێ دەکا، زۆر بە ڕێکەوت دواتر پاریس دەبێتە دوا وێستگەی ژیانی زانستی و لە کۆتاییشدا دوا وێستگەی ژیانیشی. پاش ساڵێک مانەوە لە پاریس بۆرسەکەی لەدەست دەدا و ڕوو دەکاتە وڵاتی چێکۆسلۆاکیی ئەوکات و هەر لە بەشی ئابووریی سیاسیدا درێژە بە خوێندن دەدا هەتا ساڵی ١٩٥٣. دوای شۆڕشی ١٩٥٨ی عێراق و ڕووخانی پاشایەتیی د. قاسملوو لە بەغدا هاوکات لەگەڵ کاروباری سیاسیدا لە زانکۆی ئەو شارە لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی دەست بە کار دەکا، کاتێک بە ناچاری لە ١٩٦٠ عێراق بەجێ دێڵێ، دەگەڕێتەوە پراگ و درێژە بە نووسینی کتێبی "کوردستان و کورد" دەدا کە لە ساڵی ١٩٥٧ەوە ئامادەکاریی بۆ کردوە، پاشان وەک وانەبێژ لە بواری ئابووریی سەرمایەداری و سۆسیالیستیدا درێژە بە ژیانی زانستیی خۆی دەدا و ساڵی ١٩٦٨ خوێندنگەی بەرزی ئابووری لە پراگ کتێبێکی دیکەی د. قاسملوو بە ناوی "هەڵبژاردەی کێشە ئابوورییە جیهانییەکان" بڵاو دەکاتەوە. پاش ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و گەڕانەوە بۆ بەغدا وەک ڕاوێژکار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق کار دەکات. پاش تێکچوونی پەیوەندییەکانی ناوەند لەگەڵ شۆڕشی کوردی و گەڕانەوەی د. قاسملوو بۆ پاریس لە بەشی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی زانکۆی سۆربۆن درێژە بە ژیانی زانستی خۆی دەدا و لە ساڵی ١٩٧٨ دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق و دامەزرانی کۆمیتەی زاگرۆس و گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی بە قۆناغی ژیانی زانستیی دێنێ، بەڵام لە بەرهەم و وتارەکانی دواتریدا وەک کتێبی "چل ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادی"، "کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزم" و دەیان وتار و ڕاپۆرتی سیاسی دیکەدا شوێن‌پێی کارەکتەری زانستی د. قاسملوو بە ئاشکرا دەبینینەوە.

کوردستان و کورد

یەکێکە لە سەرچاوە ئەکادیمییە دەوڵەمەندەکانی کتێبخانەی کوردییە، لێکۆڵینەوەیەکی پڕبایەخ کە بۆ یەکەم جار لە ئاستێکی زانستیی بەرزدا بە زمانێکی بێگانە لە لایەن کوردێکەوە سەبارەت بە دۆخی ئابووری و سیاسیی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە. کتێبەکە لە ساڵی ١٩٦٢ ئامادەی چاپ بوو و یەکەم‌جار بە زمانی سلۆڤاکی لە ناوەندی بڵاوکراوە سیاسییەکانی براتێسلاڤا چاپ کرا. نووسەر وێڕای ئاوڕدانەوە لە دۆخی مێژوویی و جوغرافیایی کوردستان باس لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و هێزەکانی بەرهەمهێنەر لە بەستێنی ئابووریی و مێژوویی کوردستاندا دەکا و پاشان لەو سۆنگەیەوە پرسی نەتەوایەتی و سیاسیی کورد لە ڕوانگەی تیۆریی ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکسەوە شی دەکاتەوە. لە پێشەکیی چاپی کوردیدا بێجگە لەوەیکە باس دەکا کە بەداخەوە چاپی کوردیی ئەو کتێبە دوای دە ساڵ لە ئامادەبوونی  کتێبەکە بڵاو دەکرێتەوە، چارەنووسی کتێبەکە و نووسەر و نەتەوەکەی لێک گرێ دەدات.

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بابەتیانەیە و نووسەر سەڕەرای ئەوەی کۆمەڵێک پرسی گرینگی نەتەوەکەی خۆی باس دەکا، هەوڵی داوە بێلایەنی و بابەتی بوونی خۆی لە لێکدانەوە و ئەنجامگیریەکانیدا بپارێزێ و بە گەڕانەوە بۆ سەدان سەرچاوە بە زمانی جۆراوجۆر یەکێک لە شاکارە بەنرخەکانی مێژووی زانستی کوردی بخوڵقێنێ. گرینگییەکی دیکەی چاپی کوردیی ئەو کتێبە زمانی وەرگێڕان و داتاشینی ئەو وشە زانستیانەیە کە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بە ڕاوێژ لەگەڵ د. قاسملوودا توانیویەتی دەقێکی زانستیی پێ بکاتە کوردی و فەرهەنگۆکێکی زمانەوانیشی لەگەڵ کتێبەکەدا بڵاو کردۆتەوە.

چل ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادی:

جیاوازی کتێبی "چل ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادی" لەگەڵ کتێبی "کوردستان و کورد" دا بێجگە لە ڕووی کاتەوە چەند پرسێکی دیکەشە. د.قاسملوو لە کتێبی "چل ساڵ خەبات"دا وەک بۆخۆی دەنووسێ، هەوڵی داوە چەند یادداشێکی مێژوویی بنوسێ و هیچ کات بانگەشەی ئەوەی نەکردوە کە بە پێوەری زانستی مێژوو بەرهەمێکی ئەکادیمیی نووسیوە. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەو لە هەموو ئەو بەربەست و ئاستەنگانە ئاگایە کە لە نووسینی مێژووی حدکادا دێنە سەر ڕێگەی، بۆ نموونە وەک دەستڕانەگەیشتن بە سەرچاوەی پێویست، هاوکات ڕێبەرایەتی‌کردنی جووڵانەوەیەکی سیاسی و لە شەڕێکی بەرگریخوازانەدابوون دژی کۆماری ئیسلامی ئاواش توانیویەتیی یەکێک لە کتێبە هەرە دەوڵەمەند و بابەتیانەی مێژووی نوێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنووسێ. جیاوازییەکی دیکەی ئەم بەرهەمە لەگەڵ کوردستان و کورد لەوەدایە کە د. قاسملوو ئەو لاوە تەمەن سی ساڵە نیە کە لەژێر کاریگەریی بیری چەپدا پرسی ئایدیالیستیانەی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد بەر لە هەموو شتێک بە لەنێوبردنی ئیمپریالیزم ببەستێتەوە، ئەو کەسایەتییەکی پێگەیشتتوو و دەرکەوتووی خاوەن ئەزموونی سیاسی و ئەکادێمییە و لە سەردەمێکدا ئەو کتێبە دەنووسێ کە باسی سۆسیالیزمی دێموکراتیکی هێناوەتە گۆڕێ و ڕەخنەی خۆی لە سۆسیالیزمی مەوجوود هەیە. وەک چۆن لە "کوردستان و کورد"دا ترسی ئەوەی هەیە کە بێلایەنیی خۆی لە لێکدانەوەکانیدا نەپارێزێ، لە نووسینی "چل ساڵ خەبات"دا دوو جار ئەو ترسەی هەیە، جارێک وەک کورد و جارێکی تریش وەک کەسێک کە مێژووی حیزبێک دەنووسێتەوە کە بۆخۆی لە لوتکەی هەرەمی ڕێبەرایەتییەکەی‌دایە. د. قاسملوو لە خوێندنەوە بۆ کۆماری کوردستاندا زۆر شارەزایانە و مێتۆدیک هەلومەرجی لەدایک بوونی کۆمار، گەشەکردن و هۆکارەکانی ڕووخانی کۆمار شی دەکاتەوە.

د. قاسملوو هەر بەو نەفەسە ئەکادێمییەوە کۆمەڵێک وتاری بە ناوبانگی وەک "کوردستانی ئێران"، "کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزم" و "واقعیەتیی گەلانی ئێران و ئەفسانەی م. ماکان" و دەیان بابەت و ڕاپۆرتی سیاسی دیکە پێشکەش دەکا کە بایەخی زانستییان لە بایەخە سیاسییەکەیان کەمتر نیە و تێکەڵبوونی دوو کارەکتەری "کاک دکتور" و "د. عبدالرحمن قاسملوو" بەئاشکرا لەو بەرهەمانەدا بەدی دەکرێن.

فیلیپ بۆلانژێ، پرۆفسۆری زانکۆی سۆربۆن دەنووسێ کە ئەو نەک هەر ئەکادیمسیەنێکی ناسراو بوو و وتار و بابەتی ئەکادیمیی دەنووسین، بەڵکوو مرۆڤێکی زۆر بەکردەوەش بوو، واتە نەتەنیا ڕێبەڕێکی سیاسیی دوور لە مانۆڕدان، بەرپرسێکی چریکیی بەئەزموونیش بوو کە دەنگی کلاشینکۆف نەیدەترساند، ئەو جێگەی ستایشە چونکە هیچ کات بنەمای ئەخلاقیی خۆی نەفرۆشت. (گۆڤاری مەشریق مەغریب ژمارە ٢٢٢).

ئەزموونی زانستیی د. قاسملوو سەرمایەیەکی بەنرخ بوو بۆ ژیانی سیاسیی خۆی، بۆ حیزبی دێموکرات و سەرەنجام بۆ پرسی کوردیش. ئەو بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکانی توانای ڕاگرتنی باڵانسی لە نێوان جەمسەرە سیاسی و ئیدۆلۆژییەکاندا هەبوو، ئەوە وای کردبوو کە ڕابردووی سیاسیی خۆی وەک قوتب‌نما (compass) بۆ دیتنەوەی ئاراستەکان بەکاربێنێ و لە نێو گێژەنی دەریای پڕ لە ئیدۆلۆژی  و بیرکردنەوەی جیاوازی پڕ لە شەڕ و هەرای ئەو سەردەمەدا، پێوەرە ئەخلاقییەکان لە بەرچاو بگرێ و لە سەختترین قۆناغەکانی شەڕدا پڕەنسیپە مرۆییەکان لەبیر نەکا. لای ئەو بارمتەگرتنی خەڵک، تیرۆر و خۆتەقاندنەوە، دیل‌کوشتن و بێڕێزیکردن بە جەستەی کوژراوانی مەیدانی شەڕ، پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرزەوینی سووتاو، لەژێرپێنانی بەرژەوەندی پارچەیەکی دیکەی کوردستان و زۆر پرسی دیکەش هێڵی سوور بوون.

 ئەو سەرمایەیە بۆ حیزبی دێموکراتیش پڕ بایەخ بوو، باوەڕبوون بە دێموکراسی و دادپەروەری، سیاسەتی سەربەخۆ و ئەخلاقگەرایانە و باوەڕهەبوون بە مافی کەمینە و توێژە جیاوازەکان، پەیوەندیی دیپلۆماسی و دامەزراندنی تۆڕێکی بەربڵاوی پەیوەندی ڕیشەیان لە ژیانی زانستی د. قاسملوو دایە، ئەو وەک چۆن لە زانکۆکاندا دەرسی دەکوتەوە بە هەمان نەفەسی پەروەردەیی و ئەکادێمی بەشداریی دەورە سیاسییەکان و باس و خواسەکانی نێوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزب دەبوو. هەر کەس گوێ لە دوایین وتەکانی د. قاسملوو بگرێ لەگەڵ وەفدی بەناو وتوێژکاری کۆماری ئیسلامیدا، زۆر بە ڕوونی گوێت لەو سیاسییە دەبێ کە لەسەر پرسەکانی دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین بە نەفەسێکی زانستییانە تا دوا هەناسەکانی ژیانی پێداگری دەکا. لەسەر ئاستی نەتەوەیشدا بێجگە لەو کۆمەڵە بەرهەمەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوە، ژیانی زانستیی ئەو مرۆڤە سەدان دۆستی لە ئاستی ئەکادێمی و زانکۆکاندا و لە ئاستی سیاسیدا بۆ کورد بە دیاری هێناوە.

لێکگرێدانی دوو کاراکتەری "کاک دکتور" و "د. عبدالرحمن قاسملوو" وەک  هونەری کۆکردنەوەی دژبەرەکان تایبەتمەندیەکی دیکەی د. قاسملوو بوو، ئەو تەنیا لە چوارچێوەی تیۆری و دیواری زانکۆکاندا نەمایەوە و ئەوەی لە ژیانی زانستی خۆیدا هەوڵی شەنوکەوکردنی بۆ دەدا، لە مەیدانی پراکتیک و چیاکانی کوردستانیشدا خەباتی بۆ کرد. پەیوەندیی دێموکراسی و پرسی نەتەوەیی لە باسی نێو کتێبەکانەوە گواستەوە بۆ مەیدانی جێبەجێکردن، ئەو کە لە زۆر بواردا بیروباوەڕەکانی خۆی گۆڕیبوو و ترسی لە بیر و بۆچوونی نوێ، ڕەخنە و پێداچوونەوە نەبوو، بەڵام پرسی دژایەتیکردنی ستەمی وەک پرسێکی نەگۆڕ لە ژیانی خۆیدا هێشتبۆوە. لە هەر شوێن و کاتێک بۆی گونجابێ کوردانە لە ئاکادیمی و ناوەندە زانستییەکان ئەسپی خۆی تاو دەدا یان لە شاخ و خەباتی ڕێکخراوەییدا زانستیانە و بابەتییانە دەیڕوانیە دیاردە و ڕووداوەکان.

د. قاسملوو لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی بیانی باس لە ئارەزوو تاکەکەسییەکانی خۆی دەکا و دەڵێ پێم خۆشە لە داهاتوودا خەریکی  نووسین و کاری زانستی بم و لە گوندی قاسملوو دانیشم، تا ماوم بخوێنێتەوە و بنووسم. ئەو ئاواتەی د. قاسملوو وەک زۆر خەون و هیوای دیکە نەهاتنە دی، بەڵام ئەو سەرمایە سێمبولی و زانستیەی لە دوای خۆی بەجیێ هێشت بۆ هەمیشە لە یادەوەری گشتیی نەتەوەی کورددا دەمێنێتەوە، ئەو تایبەتمەندیانە هاوکات لەگەڵ میراتی بەنرخی سیاسی و زانستی د.قاسملوویە کە وادەکا نەوەی ئێستا  لە شەقامەکان دا ناوی د.قاسملوو بێنن و لە دروشمەکانیان دا یادی بکەنەوە.

***

 

* "کاک دکتور" ئەو ناوە بوو کە من زیاتر لە زمانی بابمەوە گوێم لێ بووە و دواتر بۆم دەرکەوت کە بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکانی پارێزگاری د. قاسملوو و کەسانی دیکەش لە خۆشەویستی د. قاسملوودا بەکاریان دەبرد.