
تاهیر قاسمی
لەم ڕۆژانەدا کە خەریکی لێکۆڵینەوە لە بەرهەم و بەسەرهاتی کەسایەتیی تێکۆشەری کەمتر باسکراوی کورد مەلا ئەحمەدی فەوزی بووم و لەو سۆنگەیەدا دیوانی شێعرەکانی شێخ ئەحمەدی فەوزیم وەرد دایەوە، لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند وێنەی بنەماڵەی شێخ ئەحمەدی فەوزی و لە نێویشیاندا وێنەی نازەنین، کچی شاعیر کە دواتر بوو بە هاوسەری شێخ شەهابی شێخ نووری سەرنجی ڕاکێشام. فەوزی مامی شێخ نووری شێخ ساڵح بوو کە بە یەکێک لە بناخەدانەرانی شێعری نوێی کوردی هەژمار دەکرێ. بەو پێیە نازەنین و شێخ شەهاب پێش ئەوەی هاوسەر بن، خزمی یەکتر بوون.
زۆر پێشتر، لە مامۆستا مەلا محەممەدی شەڵماشیم بیستبوو کە مامۆستا هێمن شێعری "عیشق و ئازادی"ی بۆ ئەو دوو لاوە هاوسەر و ئەویندارە نووسیوە. مامۆستا ئەو بەسەرهاتەی لە چەند وتووێژی تلویزیۆنیدا گێڕایەوە؛
بەردی گورچیلەم هەبوو. دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، مەلا ڕەحمانی کاژێیی نارد بۆ ماڵی ئێمە، گوتبووی حکومەتی عێراقێ لە ڕووسیا داوای چەند دکتۆرێکی جەڕڕاحی کردووە، یەکێک لەو دکتۆرە جەڕڕاحانە کە هاتووە بۆ عێراقێ، لە مقەڕی ئێمەیە، دوکتور سوڵتانی ئۆتەمیشییە. دوکتور سوڵتانی ئۆتەمیشی یەکێک بووە لەو تەلەبانە کە پێشەوا قازی ناردوونی بۆ ڕووسیا بۆ خوێندن. بۆتە دوکتورێکی جەڕڕاحی باش. یەکێک لەو دوکتورانە کە عێراق داوای کردووە، ئەو بوو. ئەویش هاتبوو بۆ مقەڕی حیزبی دێموکرات. وەرە بۆ گورچیلەکەت باشە. کە چووم، مەلا ڕەسووڵی پێشنومازیش برینێکی لەبەری پێیان هاتبوو. ژوورێکیان بۆ ئێمە دانابوو. مقەڕی دوکتور قاسملوو لای "جسری موعەللەق" بوو. هەموو حیزبی دێموکرات لەوێ بوو. مامۆستا هێمن، حیسامی.. هەموویان. شەوێ نان خورا و دانیشتبووین، ژنێک هات. دەستی کرد بە گریانێ. زۆر گریا. ئەمنیش پێم ناخۆش بوو، گریانەکەی، تۆزێک دوور دانیشتم. کە ڕۆیشت ژنەکە، پرسیم؛ ئەو ژنە کێیە؟ بۆ هیندە گریا؟ وتیان ئەوە ژنی شێخ شەهابە. شێخ شەهاب ناوێک ئەمری ئیعدامی دەرچووە، ژنەکەی زانیویەتی کەریمی حیسامی لەگەڵ سەفارەتی ڕووسیا عەلاقەی هەیە، هاتبوو کەریمی حیسامی بچێ بە سەفارەتی ڕووسیا بڵێ ئیعدامی نەکەن (نەهێڵن ئیعدام بکرێ). مامۆستا هێمنیش ژووری نووستنی خۆی جیا بوو... بەیانی لەسەر نانخواردنێ، هات مامۆستا هێمن، گوتی ئەوشۆ ئەو قەسیدەیەم لەسەر ئەو ژنە داناوە؛
عیشق و ئازادی
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر!
ئەوەندە دەردەدار و بێپەرستارم کە پێم وایە:
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر!
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم:
لە پێشمدایە زەرد و ماهـ و سەخت و ئەستەمێکی تر
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شیعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر
من هەر لە بنەڕەتدا ئۆگری هەڵدانی بۆنەی نووسینی شێعر - نەک شێعری بۆنەیی - م. "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"م لەو سۆنگەیەدا نووسی و لە کەشکۆڵی پێشمەرگایەتیشمدا بۆنەی نووسینی ئەو چەند شێعرەی خۆم باس کردووە کە لە کەشکۆڵەکەدا هاتوون. دەمێکیش بوو دامنابوو لەژێر تیشکی ئەو گێڕانەوەیەی مامۆستا شەڵماشیدا، باسێک لەسەر شێعری "عیشق و ئازادی" بنووسم. ئەو گێڕانەوەیەی مامۆستا لایەنە شاراوەکانی شێعرەکەی بە تەواوی ڕوون کردبوونەوە کە بە دڵنیاییەوە پێشتر کەم کەس لە مەبەستی شاعیر بۆ نووسینی ئەو شێعرە گەیشتبوون. مخابن لەبەر کاری ڕۆژانە و سەرقاڵیم بە بابەتی دیکەوە، نووسینەکەم وەدوا دا تا ئەوەی بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی مەرگی مامۆستا بڵاو بۆوە.
ئەگەرچی لەگەڵ مامۆستا لە یەک شاردا دەژیاین، بەڵام جیاوازیی تەمەن، نەبوونی ئاشنایەتیی پێشوەخت و سەرقاڵیی من بە کاری ڕۆژانە لە هێلسینکیی پێتەختی پڕ لە ڕاکەڕاکەی فەنلاند و نەبوونی بیانووی پێویست بۆ دیدار، بەختی ئەوەیان پێ نەدام لە جارێک زیاتر چاوم پێی بکەوێ و لە خزمەتیدا فێر بم. ئەو جارەش ساڵی ٢٠٠٨ بوو کە لە سۆنگەی کاری حیزبی و تەشریف هێنانی کاک مستەفای شەڵماشی بۆ فەنلاند، توانیم بۆ ماوەیەکی کورت لە خزمەتیاندا بم. مامۆستام بە پیاوێکی بێ فیز، قسە خۆش و خاوەن بەحری زانست هاتە بەرچاو. لەبیرمە شێعرێکی زۆر تەڕ و بەچێژی مەلا حیسامەددینی عەمبار (بۆکان)ی بۆ خوێندینەوە کە نە لە شێعری مەلایەک دەچوو و نە چاوەڕوان دەکرا لە زاری مەلایەک ببیسرێ. مامۆستا گەلێک بەرهەمی بەنرخی ئایینی و ئەدەبی و مێژوویی لێ بەجێماوە کە لەم نووسینەدا دەرفەتی ناساندن و بەسەرکردنەوەیان نییە بەڵام سەرنج و گێڕانەوەی بۆنەی نووسینی شێعری عیشق و ئازادیی مامۆستا هێمن لەلایەن مامۆستا شەڵماشییەوە کە دوای تێپەڕینی نیوسەدە بەسەر بۆنەی نووسرانیدا، هەروا لە سینگی خۆیدا پاراستبووی، بە لامەوە یارمەتییەکی زۆری بە ڕوونکردنەوەی لایەنەکانی ئەو شێعرە کرد.
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر
لە سۆنگەی گێڕانەوەکەی مامۆستا شەڵماشیدا ئێستا ئیدی دەزانین کە شاعیر لە درەنگانی چ تاریکە شەوێکدا و بە چ بۆنەیەک شێعرەکەی نووسیوە. شەوێک کە خەمێکی تازەی بۆ شاعیر هێناوە. خەمی داد و هاواری ئەو کچە کوردەی کە بۆ ڕزگاریی هاوسەر و خۆشەویستە شۆڕشگێڕەکەی تەنانەت پەنای بۆ پەلەپووشێک هێناوە. ئاخر حیزبی دێموکرات لەو سەردەمدا بۆخۆی لە حەوت ئاسمانان ئەستێرەیەکی شک نەدەبرد تا بچێ هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی تێکۆشەرێکی کورد لەژێر داری ئیعدام و لە زیندانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری خانەخوێدا بدا. لەم نێوەدا ڕەنگە هێمن بۆ ڕزگاریی ئەو لاوە تێکۆشەرەی کورد لە پەتی ئێعدام، ڕەنگە لە هەموان دەستەوەستانتر و کار لەدەست نەهاتووتر هاتبێتە بەر چاو. لێ ئەوەی کە کردی کارێکی هەرمان بوو. مانەوەیەک کە بێگومان قەرزداری لە سینەدا پاراستن و گێڕانەوەکەی مامۆستا محەممەدی شەڵماشییە. ئەویش نووسینی شێعرێکە کە تێیدا دیمەنی ئەو شەوە خەمناکەی بۆ گەلەکەی و بۆ وەچەی دواڕۆژ تۆمار کردوە، قسەی دڵی پڕ لە تاسە و ئازاری ئەو شەوەی کچێکی ئەوینداری کوردی گێڕاوەتەوە، هەستی جوانیپەرەستی و ئازادیویستیی لاوێکی کوردی ژێر پەتی سێدارەی لە خەیاڵی خۆیدا نووسیوەتەوە و بەهەشتێکی خەیاڵیی لە وشە و لە شێعر بۆ ڕازاندۆتەوە. بەهەشتێک کە پێی وایە ئەوی لە چوون بۆ بەهەشتەکەی ئەو دنیا، بێنیاز کردوە.
لە بەیتی دووهەم بەدواوە شاعیر لەنێوان هەستی خۆی و شەهابی ژێر پەتی سێدارەدا هاتوچۆ دەکا. جارێ هەستی خۆی بە بینینی دیمەنی خەمناکی شین و هاواری کچێکی دڵشکاوی کورد نووسیوەتەوە و گاهێ لە هەستی لاوێکی تێکۆشەری ئەوینداری ژێر پەتی سێدارەوە جۆگەلەی هەستی هەڵبەستووە. زیاتریش هەوڵ دەدا هەستی مرۆڤێکی ئازا و ئەویندار بە کچ و بە ئازادی کە لەژێر پەتی سێدارەدا، نەترسانە بەڵام دڵ پڕ لە تاسە و ئاوات چاوەڕوانی مەرگە، بنووسێتەوە؛

- بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر؟
- لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
- ئاخۆ مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر؟
- هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
- هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
- خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
- بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی وتەکانی مامۆستا شەڵماشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دۆستێک پرسیاری لێ کردم کە ئاخۆ مەبەستی مامۆستا هێمن لەو بەیتەی شێعرەکە و لە چوارچێوەی ئەو بەسەرهاتەدا چۆن لێک دەدەمەوە کە دەڵێ؛
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ کەچی ڕوانیم
لەپێشمدایە زەرد و ماهـ و سەخت و ئەستەمێکی تر
بۆم نووسی کە ئەم بەیتەش لە درێژەی بەیتەکانی پێش خۆی، هەر لە هەست و زمانی شێخ شەهابی ژێر داری ئیعدام لە خەیاڵی شاعیرەوە نووسراوە. لە تاکی یەکەمدا ئەو لاوە تێکۆشەرە بە ئارەزووی گەیشتن بەو کچە شۆخە نازدارە گەیشتوە کە ڕەنگە سەرەتا پێی وا بووبێ ئەوە ترۆپکی ئارەزوویەتی بەڵام ئەو بە بەدیهاتنی ئارەزوو و ئامانجە تایبەت و کەسییەکان ڕازی نەبووە و پێی وا بووە دەبێ هەوڵ بدا گەلەکەی و مرۆڤایەتیش بە ترۆپکی ئارەزووی خۆیان کە ئازادی و سەربەستییە، بگەن. لەو پێناوەشدا ڕێگای پڕ لە زەرد و ماهـ و هەڵەمووتی بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەیی و ئینسانییەکان گرتوەتە بەر. ئامانجێکی هیندە بەرز و ڕێگایەکی هیندە ئەستەم کە دواجار ئەوی گەیاندە ژێر پەتی سێدارە و گیانی بۆ بەخشی.
لە بەیتی دواتردا شاعیر بە مەجاز ئاماژە بە ناوی هاوسەری شێخ شەهابیش دەکا بەبێ ئەوەی ئێمەی خوێنەر هەتا ئێستا هەستمان پێ کردبێ؛
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم "نازەنین"ی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر

نازەنین ناوی هاوسەرەکەی شێخ شەهابە و مامۆستا هێمن لێرەدا هەم وەک پەسنێک بۆ جوانی و نازداریی کچی کورد، هەم وەک ناوی هاوسەر و ئەویندارەکەی شێخ شەهاب و هەمیش وەک نموونەی چارەنووسی زۆرێک لە کچانی کورد، دەیناسێنێ. وا دیارە نازەنین لەو شەوەدا لەلایەک بۆ نیشاندانی ئەدەب لە حزووری کۆمەڵێک پیاوی سیاسیی لەخۆی بە تەمەنتر و هەمیش وەک نیشانەیەک لە ماتەمباری، چارشێوی لەسەر بووە کە هێمن لە شێعرەکەیدا زیاتر ئەو مەبەستەی دوایی زەق کردۆتەوە.
لە بەیتی دواتردا شاعیر لەژێر کاریگەریی ئەو شین و گریان و پاڕانەوەیەی نازەنین بۆ ڕزگاریی هاوسەرەکەی، ئاماژە بە کەم دەسەڵاتیی خۆی دەکا کە نەیتوانیوە یان ناتوانێ وەک "خانی" چیڕۆکی خۆشەویستیی نێوان نازەنین و شەهاب بنووسێتەوە لەحاڵێکدا ئەوین و فیداکاریی نێوان ئەوان یان لانیکەم هی نازەنین بۆ شەهاب هیچی لە ئەوینی زین بۆ مەم کەمتر نییە:
نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر
کاریگەریی شین و گریانی نازەنین بۆ شەهابی هاوسەر و گراوی لە حزووری ئەندامان و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، ڕەنگدانەوەی لەسەر بەیتی دواتریشدا هەبووە:
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم یاخوا لەسەر سورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
بە کورتی شێعری "عیشق و ئازادی" سەرەڕای دارماڵیی لە خەم و ئازار و لە تاسەی دیداری نێوان دوو دڵدار، پڕە لە جوانی و خۆشەویستی، پڕە لە ئەوین بە کچ و تا پێش ئەوەی "جەنابی شێخ" ئیعدام بکرێ و بگاتە ئەو بەهەشتەی شێخە ئایینییەکان بەڵێنیی پێ دەدەن، شاعیر توانیبێتی بەهەشتێکی لە "بەهار و گوڵ"، "کچ و مانگەشەو" و "شێعری تەڕ و بادە" بۆ بڕازێنێتەوە و پێی بڵێ:
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر؟
ڕوون نییە کە ئاخۆ هەر ئەوشەوە یان دواتر بوو کە سەرەنجام شەهاب و یارانی لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە ئیعدام کران. وا دیارە هێمن پێشوەخت شینی خۆی بۆ ئەو تێکۆشەرە گێڕا، چونکە دوای بیستنی هەواڵی مەرگەکەی، دەستەوداوێنی نالی بوو تا بەو تاکە شێعرە بەرزە کوڵ و کۆی دەروونی خۆی بۆ ئەو کۆستە و بۆ لە دەستدانی ئەو پیاوە تێکۆشەرەی مێژووی کورد دەربڕێ:
نالی لەکوێی ببینی کە پاتەختی شارەزوور
ئەستێرەکانی ڕادەکشێن وەک شەهابی نوور
تێبینی: ئەم بابەتە ساڵێک لەوە پێش، دوای کۆچی دوایی زانای بەنێوبانگی ئەم سەردەمە مامۆستا محەممەدی شەڵماشی لە ڕۆژی ٥/١٢/٢٠٢٤ نووسراوە.