کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ١٢ ڕۆژە دابەزینی دەرفەتەکانی کاری بە دواوە بووە

17:05 - 1 گەلاوێژ 2725

ڕاپۆرتی پلاتفۆرمێکی دۆزینەوەی کار، دەریخستووە کە شەڕی ١٢ی ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕی کار هەبووە. بە شێوەیەک کە دەرفەتەکانی کار بە هۆیە ئەم شەڕەوە، بە ڕێژەی ٢٤ لەسەد دابەزینیان هەبووە.

پلاتفۆرمی جاب ویژن، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی بازاڕ کار و کاریگەرییەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە بڵاو کردەوەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە دەرفەتەکانی کاری پێوەندیدار بە پیشەی تووریسم و هۆتێلداری، بازاڕیابی و تەبلیغات و شیرکەتە خزمەتگوازی و پەیمانکارەکان، زیاترین ڕێژەی دابەزینیان بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پیشەی بانکداری، دەرمان و کاڵاهایەک کە خێرا بەکار دەهێنرێن،   

کەمترین دابەزینیان هەبووە.

جاب ویژن لەم ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی ڕاپرسییەک دەرکەوتووە لە چوار هەزار کەس کە لە ماوەی زەمەنیی ١٨ هەتا ٢١ی پووشپەڕدا بۆ کار گەڕاون، ٢٠ لەسەدیان بە هۆی شەڕەکەوە کارەکانیان لەدەست داوە.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، دۆخی بازاڕی کار بە هۆی ئەم شەڕەوە ناسەقامگیر بووە و بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی کە کاریان هەیە، نەبوونی ئەمنییەتی کار، داهاتووی ناڕوون و دۆخی نالەباری بژیو بە سەرەکیترین نیگرانییەکانی خۆیان دەزانن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێش شەڕی ١٢ ڕۆژەش، نەبوونی کار و بێکاری بەتایبەت لە هەندێک لە پارێزگاکانی ئێران و کوردستاندا، دۆخی ژیان و بژیوی ژیانی خەڵکی خستبووە مەترسییەوە و ئێستاش بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی جاب ویژن، دەردەکەوێ کە دۆخەکە خراپتر بووە.