کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی ئاو و کارەبا ژیانی خەڵکانی ئێرانی تێک داوە

17:09 - 1 گەلاوێژ 2725

لەگەڵ شەپۆلی گەرما و نەبوونی توانایی ڕێژیم بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام، داخرانی بەربڵاوی ئیدارەکان لە زیاتر لە ١٥ پارێزگای ئێراندا ڕاگەیەندراوە.

لە دوای هۆشدارییە یەک لە دوای یەکەکانی وەزارەتی وزە و ڕێکخراوی کەشناسی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بێوێنەی پلەی گەرما، لێژنەی دەوڵەت ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژ لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێراندا پشووی فەرمیی ڕایگەیاند.

پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، گیلان، مازەندەران، کرمان، یەزد، گوڵستان، خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باکوور، قوم، مەرکەزی، فارس، لوڕستان، بووشێهر و هورموزگان لە ڕاستای ئەوەی کە "مودیریەتی بەکارهێنانی وزە"ی پێ دەوترێت، دەستیان بە داخستنی ئیدارەکان و ناوەندە گشتییکان کردووە.

ئەم بڕیارە ئەویش لە لووتکەی هاوین و بە بێ هیچ پلانێکی درێژمەودا، تەنیا قەیراناویبوون و نەبوونی پلان لەلایەن پێکهاتەی ئیجرائیی ڕێژیمەوە نیشان دەدات.

لە هەندێک لە ناوچەکانی دیکە لەوانە سێمنان، کرماشان، کۆهگیلوویە، ئیلام، سیستان و خووزستانیش ئیدارەکان تەنیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژدا چالاکن و هەتا پێشنیوەڕۆ دادەخرێن.

هەروەها لە پارێزگاکانی وەک ئیلام و خووزستاندا، بەشێک لە چالاکییەکان بە شێوەی دەورەیی بەڕێوە دەچن.

مەسعوود پزشکییان سەرۆکۆماری ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەدا سەبارەت بە دۆخی قەیراناویی پێتەخت، هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە تاران چیدیکە توانای مانەوە وەکوو پێتەختی نییە.

ناوبراو جارێکی دیکە جەختی لەسەر ڕاگواستنی پێتەخت لە تارانەوە بۆ ناوچە باشوورییەکانی ئێران کردەوە .

پزشکییان هەروەها ڕایگەیاندووە کە قەیرانی ئاو زۆر جیددی تر لەوەیە کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت و هۆشداریی دا کە ئەگەر هەوڵێکی جیددی نەدرێ، ڕێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی نامێنێ.

لە ئێستادا خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا لەگەڵ کێشەی ئاو بەرەوڕوون و ئەمە دۆخی تەندروستی، بەرهەمهێنان و خزمەتگوازییەکانیشی تووشی کێشە کردووە.