کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی گۆلی ورمێ؛ میراتی وێرانکەری سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی

17:29 - 1 گەلاوێژ 2725

لەگەڵ وشکبوونەوەی بەشی باکووری گۆلی ورمێ و دۆخی نالەباری بەشی باشووری ئەم گۆلە، هیواکان بۆ بووژانەوەی یەکێک لە گەورەترین گۆلە خوێیەکانی جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو کاڵ بووەتەوە.

حوجەت جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای ورمێ، شکستی تەواوەتی پلانەکانی نۆژەنکردنەوەی دەریاچەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ درێژەی ڕەوتی ئێستای بەڕێوەبردنی ئاو لەلایەن وەزارەتی وزە و جیهادی کشتوکاڵییەوە، ئیتر هیوایەک بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم ئیکۆسیستەمە نەماوە.

ناوبراو دانی بەوەدا نا کە گۆلی ورمێ لە ساڵی ١١٣٩٠ـەوە بە کردەوە بووەتە تاڵاوێکی وەرزی و لە هاویندا بە تەواوی وشک دەبێت.

جەباری وتی: گۆلی ورمێ ٦.٥میلیارد تۆن پاشەکەوتی خوێی هەیە کە بە توانایەکی زۆر گەورە دادەنرێت و مۆڵەتگەلێک بۆ دەرهێنانی خوێ لە کەناراوەکانی دەردەچێت.

دەرکردنی مۆڵەتی فەرمی بۆ دەرهێنانی خوێی پیشەسازی لە بنی گۆلی وشکبووی ورمێ، نیشانەیەکی دیکەی گرینگیدانی زیاتری ڕێژیم بە بەرژەوەندییە ئابوورییە کورتخایەنەکان لە جیاتی تەندروستی ژینگە و ئیکۆسیستەمی ناوچەکەیە.

جەباری بە ئاماژە بە پاشەکەوتی گەورەی خوێی گۆلی ورمێ، وتی: ئەگەر ساڵانە ٢ میلیۆن تۆن خوێش کۆ بکرێنەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر گۆلەکە نابێت و کەمکردنەوەی چڕیی خوێ دەتوانێت بۆ زیندووکردنەوەی گۆلەکە یارمەتیدەر بێت.

ئیدعای کاربەدەستانی ڕێژیم سەبارەت بە مەترسیدارنەبوونی دەرهێنانی خوێ و یارمەتیدان لە بووژانەوە بە کەمکردنەوەی چڕیی خوێ لە کاتێکدایە کە ڕێژیم خۆی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە پرۆژەی دروستکردنی بەنداو و لادان لە ڕووبارەکان و تەرخانکردنی ناعەقڵانی ئاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ گورزی کوشندە لەم گۆلە داوە.

قەیرانی گۆلی ورمێ تەنیا بەرهەمی گۆڕانی کەشوهەوا نییە، بەڵکو پێش هەموو شتێک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئیسلامی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵدایە.

لە ڕاستیدا ڕێژیمی ئیسلامی بە پشتگوێخستنی بەئەنقەستی هۆشدارییە زانستییەکان، گۆلی ورمێی کردووە بە قوربانیی ناکارامەیی و بازرگانی و خراپ بەڕێوەبردنەکەی.

لەناوبردنی گۆلی ورمێ دەبێتە تاوانێکی ژینگەیی کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت، کە جگە لەوەی لێکەوتەی ژینگەیی بەربڵاوی هەیە، کاریگەریی لەسەر ژیان و داهاتووی ملیۆنان کەسی دەوروبەری دەبێت.