کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییان لە کوردستان

11:10 - 2 گەلاوێژ 2725

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و دژەکوردی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکرانە بەربڵاو و سیستماتیکەکان و ناڕوونیی چارەنووسی دەسبەسەرکراوان لە کوردستان پاش دەسبەسەرکردنیان پەرەی سەندووە.

بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژ، محەممەد پەروازە هاووڵاتیی خەڵكی گوندی نێی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کە پێشینەی دەسبەسەرکران و مەحکوومکرانی لەلایەن ڕێژیمەوە هەبووە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕییانی گوندی نێ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەمین کەریمی، ناساو بە ئەمینۆ، هونەرمەند و ئەکتەری تێئاتری خەڵكی ورمێ، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم هونەرمەندە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، لە کاتی گەڕانەوە بۆ تورکیە لە خاڵی سنووریی "سەرو"ی ورمێ لەلایەن ‌هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ئەمین کەریمی لە درێژەی شۆڕشی ژیناشدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و پاس مانگێک لێکۆڵینەوە ئازاد کرابوو.

هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی کاوە ڕەحیمی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ، بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و وێڕای شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە شێوەی توندوتیژانە ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

کوردپا ڕایگەیاندووە کە ئەەمین کەریمی و کاوە ڕەحیمی لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە تاکوو ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون و لە ئیتلاعاتی ورمێدا لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە بێ ئاکام بووە.