
ژمارەیەک لە سێناتۆرەکانی مەجلیسی "سێنا"ـی ئەمریکا بە فەرمی داوایان لە بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان کردووە کە بە زووترین کات مێکانیزمی ماشە کارا بکەن و هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێننەوە سەر ئێران.
ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ ٢٠ سێناتۆری ئەمریکا پێشنیاری پێشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە سێ وڵاتی ئورووپایی ناسراو بە ترۆئیکای ئورووپایی کرد کە داوایان لێ دەکات بە زووترین کات سەبارەت بە گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، بڕیار بدەن.
پیت ڕێکێتس، سێناتۆری کۆماریخواز، لە وتاری خۆی لە مەجلیسی سێنادا وتی: "لە ئێستادا دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە تاکوو بەگشتی چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕین، بەڵام ئەگەر نەتوانین بە ئێران بسەلمێنین کە بەرنامە ناوکییەکانی لەلایەن جیهانەوە قەبووڵ ناکرێت، ئەوە ئەم دەرفەتە لەنێو دەچێت".
ڕێکێتس لە وتەکانیدا بە ئاماژەدان بەم دەرفەتە مێژووییە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارنامەیە بۆ لەنێونەچوونی ئەم دەرفەتە داوا لەم سێ وڵاتە دەکات کە بە زووترین کات گەماڕۆکان بگەڕێننەوە سەر ئێران.
بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژاواییەوە هاتە ئاراوە، دەتوانن لە ئەگەری پێبەندنەبوونی کۆماری ئیسلامی بە پێبەندییە ناوکییەکانی، هەموو گەمارۆکانی پێشوو بە کاراکردنی مێکانیزمی ماشە بگەڕێننەوە سەر تاران.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتن بە مۆڵەتی وڵاتانی ئورووپایی بە ئێران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر "مێکانیزمی ماشە" کارا بکرێت، تاران لە پەیماننامەی "ئێن پی تی" دێتە دەرەوە.
پەیماننامەی ئێن پی تی، ساڵی ١٩٦٨ی زایینی لەلایەن چەند وڵاتی جیهانەوە بەمەبەستی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی واژۆ کرا.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە پەراوێزی دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڕەشەی هاتنەدەرەوەی ئێران لەم پەیماننامەی لە ئەگەری کاراکردنی مێکانیزمی ماشە کردبوو.
کاراکردنی ئەم مێکانیزمە لە ئێستادا بە گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران هاوکات لەگەڵ قەیرانە نێوخۆییەکانی وەک قەیرانی ئابووری، دەتوانێت تا ڕادەیەکی بەرچاو گوشارەکان بۆ سەر تاران زیاد بکات.
ئەمریکا و ئورووپا لەو بڕوایەدان کە ئەم گوشارانە دەتوانێت کۆماری ئیسلامی ناچار بەوە بکات کە واز لە پیتاندنی ئورانیۆم لەنێو خاکی ئێراندا بهێنێت.