کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی سەرکوتی چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە خوراسانی باکوور

12:20 - 2 گەلاوێژ 2725

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی کەمینە نەتەوەییەکان، شەپۆلێکی نوێ لە دەسبەسەرکران و هەڕەشە لە چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە پارێزگای خوراسانی باکوور، بەتایبەت لە شارەکانی شیروان و بۆجنوورد، نیگەرانییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لەم ناوچانە پەرە پێ داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە خوراسانی باکوور، لانیکەم ٦ کەس لە چالاکانی بواری زمانی کوردییان دەسبەسەر کردوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم دواییانەدا ئەعزەم ناسری، حوسێن سەیفی، مورتزا پیرزادە و مستەفا ڕەهنەما لە چالاکانی فەرهەنگیی دیاری شاری شێروان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، ئاراز ساڵحی و کەژاڵ ساڵحیی تەمەن ١٤ ساڵ، باوک و کچی خەڵكی گوندی ناوە سەر بە شاری بۆجنووردیان دوابەدوای خوێندنەوەی دێکلەمەیەک لە چەند ڕێوڕەسمی فەرهەنگی بە زمانی کوردی لەلایەن کەژاڵەوە کە تێیدا باس لە کوردستان کرابوو، دەسبەسەر کردووە.

دەسبەسەرکرانی ئەم باوک و کچە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی بەرچاوی خەڵکی گوندی ناوە و شاری بۆجنووردی لێ کەوتووەتەوە و خەڵک بە ئامادەبوون و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا خوازیاری ئازادیی ئەم منداڵە بوون و لە دوای ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینە، کەژاڵ پاش سێ ڕۆژ ئازاد کرا بەاڵم باوکی هێشتا دەسبەسەرە.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ئەم ٦ هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا دەیان چالاکی فەرهەنگیی کورد لە شارەکانی مەشهەد، بۆجنوورد، قووچان، شێروان، ئەسفەراین و دەرەگەز لەلایەن ‌هێزەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە خوراسانی باکوور لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هەەڕەشەیان لێ کراوە، بانگ و دەسبەسەر کراون و هەوڵەکانیان بۆ فێرکردنی زمانی دایکی، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی فەرهەنگی و کەڵکوەرگرتن لە جلوبەرگی کوردی، کاردانەوەی توندی ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە دواوە بووە.