کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە تاران لە دەوڵەتی عێراق: ئەمریکا دەرنەکرێت بڕیاری نوێ دەردەکەین

12:23 - 2 گەلاوێژ 2725

میلیشیاکانی سەر بە تاران هەڕەشە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن کە ئەگەر کۆتایی بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق نەهێنێ، بڕیارەکانی خۆیان نوێ دەکەنەوە.
گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای عێراق کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ داوای لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە تاکوو بە زووترین کات کۆتایی بە بوونی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بهێنێت.
ئەبووعەلی ئەلعەسکەری، بەرپرسی ئەمنییەتی ئەم گرووپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تێلێگرام"ـدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە چیتر مۆڵەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی پێ هاتووە.
ئەلعەسکەری لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بنکەی عەینولئەسەد و فڕۆکەخانە، هۆشداریی دا کە ئەگەر دەوڵەتی سوودانی بەپەلە ئەم بابەتە جێبەجێ نەکات، ئەم گرووپە لەم پێوەندییەدا بڕیارێکی نوێ دەر دەکات.
دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا لە هاوینی ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ بەغداد واژۆ کرد کە بەو پێیە ئەرکی سەربازیی ئەمریکا لە سێپتامبری ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی لە عێراق کۆتایی پێ بهێنرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە بە نەمانی مەترسییەکانی داعش، وڵاتەکەی بەرەو سەقامگیری دەڕوات و چیتر پێویستییەک بە بوونی سەربازیی ئەمریکا هەست پێ ناکرێت.
لە ئیستادا نزیک بە ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژ بە تێرۆریزم جێگیر کراون.
ڕوون نییە کە ئەم ڕێککەوتنە بە هاتنەئاری کۆمەڵێک بابەتی نوێ وەک شەڕی ئیسرائیل و ئێران و هەروەها ناسەقامگیرییە نوێیەکان لە ناوچەکەدا تا چ ڕادەیەک بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆشکی سپی تاکوو ئیستا هیچ کاردانەوەیەکی سەبارەت بەم بابەتە نەبووە.