
سەرەڕای زۆربوونەوەی بارینەکان لە ئەمساڵدا، گۆلی ورمێ لە قەیراناویترین دۆخە ژینگەییەکەی خۆیدایە و لێکۆڵەرێکی ژینگە دۆخی ئێستای گۆلەکەی بە بابەتێکی بەئەنقەست ناو بردووە.
محەممەد دەروێش، لێکۆڵەر و چالاکی بواری ژینگە وێڕای ڕەخنەگرتن لە کارکردی ناوەندە بەرپرسەکانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی گۆلی ورمێ کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دۆخی بارانبارینەکان خراپتر لە ئێستا بوو وتی کە دۆخی بارانبارینی ئەمساڵ باشتر لە ڕابردوو بوو بەڵام گۆلی ورمێ بەم شێوەیە وشک نەببوو.
ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێعتماد بە ئاماژە بەوەی کە لە هیچکام لە دەورەکانی تەڕساڵی و وشکەساڵیدا دۆخی گۆلی ورمێ تەنانەت لە دۆخی نۆرمال نزیکیش نەبووەتەوە، جەختی کردەوە کە وشک مانەوەی گۆلی ورمێ، تەنانەت لە دەورەی تەڕساڵیدا، نیشاندەری نەبوونی ئیرادەی پێویست بۆ بووژاندنەوەی گۆلی ورمێیە.
دەروێش لە درێژەدا ڕایگەیاند: کاتێ ١٤ لەسەد زیاتر بارانبارینمان هەیە، بەڵام گۆلی ورمێ هێشتا وشکە، ئەمە یانی چ باران ببارێ و چ نەبارێ، ئیزنی چوونەژوورەوەی یەک دڵۆپ ئاو بەم گۆلە نادەن."
پێشتریش حوجەت جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای ورمێ، شکستی تەواوەتی پلانەکانی نۆژەنکردنەوەی دەریاچەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ درێژەی ڕەوتی ئێستای بەڕێوەبردنی ئاو لەلایەن وەزارەتی وزە و جیهادی کشتوکاڵییەوە، ئیتر هیوایەک بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم ئیکۆسیستەمە نەماوە.
ناوبراو دانی بەوەدا نا کە گۆلی ورمێ لە ساڵی ١١٣٩٠ـەوە بە کردەوە بووەتە تاڵاوێکی وەرزی و لە هاویندا بە تەواوی وشک دەبێت.
لەناوبردنی گۆلی ورمێ دەبێتە تاوانێکی ژینگەیی کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت، کە جگە لەوەی لێکەوتەی ژینگەیی بەربڵاوی هەیە، کاریگەریی لەسەر ژیان و داهاتووی ملیۆنان کەسی دەوروبەری دەبێت.