
چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی کێوی ئاویەر کە یەکێک لە گرینگترین سەیرانگاکان و سامانە سروشتییەکانی شاری سنەیە ئاگری گرتووە و ئەم ئاگرە ڕووبەرێکی بەرفروانای گرتووەتەوە.
بەپێی زانیارییە خۆجییەکان، ئاگرەکە لە نزیک ناوچەی "پشت پارکی منداڵان" دەستی پێ کردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دیکەدا بڵاو بووەتەوە.
شایەتحاڵانی خۆجێیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، باس لە بڵێسەی بەرز و دووکەڵی زۆر دەکەن کە لە زۆربەی ناوچەکانی شاری سنەوە دەبینرێن.
ڕێژەی ئاگرەکە بە ڕادەیەکە کە خەڵک و دامەزراوەکان بە ئیمکاناتی سنوورداری شارەکە ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن. بە وتەی شایەتحاڵان، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە پێویستی بە ناردنی دەستبەجێی تیمی فریاگوزاریی تایبەت و ئامێری پێشکەوتوو هەیە.
ئەم ئاگرگرتنە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کێوی ئاویەر شوێنی کۆبوونەوەی چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنی بووە. ئەوان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر تەلبەندی و گۆڕینی کاربەریی لەوەڕگە و دەوروبەری ئەم کێوە کۆ ببوونەوە.
ژینگەپارێزەکان هۆشدارییان دابوو کە دەستدرێژیکردنە سەر سروشتی ئاویەر دەتوانێت لێکەوتەی مەترسیدار بۆ ژینگەی ناوچەکە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
لە ساڵانی ڕابردوو، کێوی ئاویەر بە بەردەوامی ئاگر دراوە و هەموو جارێک ڕووبەری بەرفراوان لەم کێوە لە ئاگردا سووتاوە، بەڵام بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نادەن و ئەوە خەڵک کە بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە چالاکانی بواری ژینگە، بە سەرنجدانی ژمارەی ئاگرگرتنەکان و ڕووبەری ئاگرەکە، قامکی تاوان بەرەو لای نەیارانی ژینگەی کوردستان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم ڕادەکێشن.