کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئێران لە ڕەوتی شەڕدا تەقەمەنیی کۆکراوەی لە دژی ئیسرائیل بەکار هێناوە

21:52 - 2 گەلاوێژ 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا تەقەمەنیی کۆکراوەی قەدەغەکراوی دژی ئیسرائیل بەکار هێناوە و ئەمەش ژیانی خەڵکی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ بڵاو کرایەوە، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە نوێیەکان ڕایگەیاندووە، لە کاتی شەڕدا هێزەکانی ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالستیکی هەڵگری تەقەمەنیی کۆکراوەیان ئاراستەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنیی ئیسرائیل کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەیان شی کردووەتەوە کە تەقەمەنیی کۆکراوەیان تێدایە و بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان ئەو مووشەکانە ڕۆژی ٢٩ی جۆزرەدان لە ناوچەیەک لە دەرەوەی تێلاڤیڤ کەوتوونەتە خوارەوە.

بەرێوەبەری باڵای لێبوردنی نێودەوڵەتی وتوویەتی: بەکارهێنانی بەئەنقەست لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لەم جۆرە چەکانە کە لە بنەڕەتدا بێ ئامانجن و کۆنتڕۆڵ ناکرێن  پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.

تەقەمەنیی کۆکراوە جۆرێک لە چەکە کە لە ئاسماندا دەتەقێتەوە و بۆمبی بچووک ئازاد دەکات. بەشێک لەو بۆمبانە یەکسەر ناتەقنەوە و لەوانەیە دواتر زیانی گیانیان لێ بکەوێتەوە.

ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل ئەندامی ڕێککەوتننامەی تەقەمەنیی کۆکراوەی ساڵی ٢٠٠٨ نین کە بەکارهێنان و گواستنەوە و بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی ئەم جۆرە بۆمبانە قەدەغە دەکات.