کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکی دوکتور قاسملوو!

21:09 - 3 گەلاوێژ 2725

چەکی دوکتور قاسملوو!

ئەلبورز ڕوئین‌تەن

بێگومان کە باس لە شوێندانەری و کاریزمای ڕێبەرێکی سیاسی بە تایبەتی ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ دەکرێ، لێکۆلینەوە لە ئامراز و هۆکارەکانی شوێنداری ئاساییە. بەڵام هەڵبژاردنی ناونیشانی چەک لە جێگای ئامراز یا تایبەتمەندییەکانی دوکتور قاسملوو وێڕای هەبوونی باسی چەک لە ڕۆژەڤ بۆ ئەو ڕاستییە دەگەرێتەوە کە ئەو ئامرازانە هەر یەکێکیان وەک چەکێکی بەهێز کاریگەر بوون و تەنانەت واشی کردبوو کە چەکێکی بەهێزی چەکداریش بە ناوی پێشمەرگە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان ناونرابوو وێڕای ئورگانیزەکردنی بخاتە خزمەت ئامانجە ڕەواکانی دۆزی کورد. واتە ڕاستە ئەو هەزاران پێشمەرگەی توانیبویان دەستی دوکتور قاسملوو بۆ سیاسەت کردن لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی کورد ئاسانتر بکات. بەڵام بەدیهێنانی هێزێکی وا بە تایبەتی دوای دۆخی پڕشوبڵاوی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان زۆر گرینگ و بێوێنە بوو کە شایانی هەڵوێستە لە سەرکردنە. تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دوکتور قاسملوو کە چۆن لە کۆتاییدا توانیبووی ئەو هێزە بە دەوری سیاسەتێکی دروست بۆ شۆڕشێکی ڕەوای گەلی کورد کۆ بکاتەوە.

یەکەمین چەکی دوکتور قاسملوو هەبوونی باوەڕی قوڵ بە دۆزی ڕەوای کوردە، ئەم باوەڕە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و هەروەها سەردەمی مێردمنداڵی سەری هەڵداوە ئەم باوەڕە بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕێگەیەی جیاواز بگرێتە بەر کە لە تەواوی ژیانیدا لە هەر سەردەم و دۆخێکدا پێی وەفادار بێت. ئەوەی دەروونناسان باس لە گرینگیی بیچمگرتنی کەسایەتی لە سەردەمی مێرد منداڵی دەکەن لەو پرسیارەی دوکتور قاسملوو لە باوکی دوای گەڕانەوەی وەفدی کوردستان بە سەۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد کە باوکیشی ئەندامی ئەو شاندە بۆ ئازەربایجان بووە دەردەکەوێ، کاتێک باس لە ئازەربایجان و ئەو خەڵاتانە دەکرێ کە لەوێ بەو شاندە دراوە، دوکتور قاسملوو دەپرسێ ئەی بۆ مافی کوردان چیتان کرد و چیتان وەرگرت؟ ئەو پرسیارە ئەو باوەڕەیە کە ئەولەویەتی شاندەکە پێویستە ئەولەویەتی کورد و کوردستان بێت هەر وەک ئەو کە بە درێژای ژیانی دەیکاتە ئەولەویەتی. ئەو تێڕوانینە لە کاتی خوێندنی لە ورمێ لە تاران لە ئیستانبول و پڕاگ و پاریس هەمیشە بنەمای فیکری و کردەوەی ژیانی ئەو ڕێبەرە دادەڕێژی بە واتایەکی دیکە ئەو بناغەی کاری سیاسی خۆی لە سەر بنەمای باوەڕی قوڵی خۆی بۆ دۆزی ڕەوای کوردان کە لە پرسیاری "ئەی بۆ مافی کوردان چیتان کرد؟" سەرچاوەی گرتوە.

ئەو باوەڕە قوڵە لە بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر کە دوکتور قاسملووی لە سەردەمی لاوێتی لە ئیستانبول دیتبوو بەو ڕستەیە ڕەنگ دەداتەوە کە دەڵێ "ئەو بە ئاگری کورد و کوردستان دەسووتا". ئەو دەربڕینە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دوکتور قاسملوو هەر لە سەرەتاوە باوەڕێکی قوڵی بە پرسی کورد و کوردستان وەک پرسێکی نەتەوەی و ڕەوا هەبوو کە بەدرێژای تەمەنی خۆی فیداکاری بۆ کرد و ڕاستگۆ بە ڕێبازی مایەوە، واتە هەبوونی باوەڕ و هەبوونی دڵسۆزی و ئامادەی فیداکاری بۆ ئەو باوەڕە وەک یەکەمین چەکی دوکتور قاسملوو هەژمار دەکرێ.

دووەمین چەکی دوکتور قاسملوو زانستخوازی و زانستی هەڵسوکەوت‌کردن و زانستی سیاسەت‌کردن بوو. کاتێک ڕووبەڕووی دوژمنێکی دڕەندە دەبیەوە کە توانیویەتی لە سەرکوتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەت شارەزایی بێوێنە بە دەست بێنێ، بە تایبەت کە ئەو  نەتەوەیە کورد بێت و بە سەر چوار وڵات لە پڕ کێشەترین هەڵکەوتی جوغرافیایی دونیا هەڵکەوتبێ کە نەک شوێنی ڕمبازێنی هێزە ناوچەییەکان بووە بەڵکوو زلهێزانی دونیاش بەردەوام کارتێکەرییان لە ناوچەدا هەبووە بە بێ هەبوونی شارەزایی و لێهاتووی مێژووی سیاسی بە شێوە زانستییەکەی ناتوانێ شۆڕش بەرەو پێش ببات.

ئەو پێداویستییە لە لایەن دوکتور قاسملوو زۆر بە باشی هەست پێ کرابوو، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی ئەو باوەڕی قووڵی بە خەبات و تێکۆشان هەبوو، بەڵام ڕێگەی خۆپێگەیاندن و لە ئاستێکی بەرز و بەردەوام بگرێتە بەر کە پێم وایە هەڵبژاردنێکی ئاگایانە بووە نەک ئەوەی هەر بەڕێکەوت، چونکە ئەگەر ویستبای بە خوێندنێکی سەرەتایی ئەو کاتیش ببێتە ڕێبواری ئەو ڕێبازەی باوەڕی پێ بوو، بەڵام نەیدەتوانی ئەوەندەی ئێستا کاریگەر بێت هەر بۆیە زانستپەروەری بە واتا گشتیەکەی چ لە ئاستی فێربوون چ لە ئاستی فێرکردن و خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای و گواستنەوەی ئەو زانستپەروەرییە بۆ ناوەندە شۆڕشگێڕییەکان چەکی بێوێنەی ئەو بوو کە بە پێداویستیی سەرەکیی ڕێبەرایەتی بە تایبەت بۆ میللەتی کورد دادەنرێ.

هەر ئەو زانستپەروەرییە بوو کە کاتێک بیری ڕادیکاڵی چەپ هەژموونیی هەبوو هەوڵی دەدا بڵێ مافی دیاریکردنی چارەنووس دژایەتیی لەگەڵ بیری مارکسیستی و لنینی ڕێبەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیە نیە. هەر ئەو تێڕوانیینە زانستییەی بۆ سیاسەت بوو کە بە مەرحوومی مەڵا مستەفا گووتبوو ئەگەری ڕێککەوتنی شا و سەدام و پشت‌تێکردنی ئەمریکا هەیە ئەوکات چی دەکەی، هەر بەو شێوەیە لە ئەندازیاری‌کردنی ڕێکخستنی حیزبێکی دورە وڵات و پەرشوبڵاو و تەنانەت لە سەر ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و پێویستی گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات ئەو تێڕوانینە زانستییە دەبینین. ئەوپەڕی تێگەیشتن لە تێزە سیاسییەکان و فەلسەفەی ئایدۆلۆژییەکان بوو کە توانی حیزب لە چنگی چەپی ڕادیکاڵ ڕزگار بکات و لەسەر تەوەری نەتەوەیی و دێموکراتیک کە ببێ بە چەتر بۆ هەموو تێکۆشەرێک بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەدیهێنا. ئێمە خوێندنەوەی زانستیی دوکتور قاسملوو لە هەموو بڕیارەکانی حیزب و تەنانەت تێڕوانین بۆ دۆخی ناوچە بە باشی دەبینن  بە جۆرێک کە کەم کەسی ئاکادێمی یا سیاسیی ناوچە و جیهان توانیبووی دۆخی یەکیەتیی سوڤیەتی سەردەمی گۆرباچوف ئەویش لە چوارچێوەی دەرس ۆ پێشمەرگە و ڕێبەرایەتی بەو شێوەیە شی بکاتەوە.

بۆیە زانستپەروەری بە هەموو واتاکانیەوە چەکە هەر گرینگەکانی دوکتور قاسملوو بوو کە توانیبووی ئەو جیاواز بکا لە هەموو ڕێبەرانی دیکەی کورد و لە بوارەشەوە زۆر بە پێشەوا قازی محەممەد دەچێت کە تاک و ڕێبەری زۆر پێشتر لە سەردەمی خۆیان بوو ئەو ڕاستییە نە لە زمانی ئێمە هاوحیزبیانی دوکتور قاسملوو بەڵکوو بە شایەدی زۆربەی ئەوانەی کە دوکتور قاسملوویان لە نزیکەوە ناسیوە و تەنانەت بۆ یەکجار دیتوویانە بەردەوام دووپات دەکرێتەوە.

چرچیل لە وەڵامی ئەوەی لە کاتی ڕێبەریدا بۆ چۆنیەتیی بڕیاردان چی پێویستە بکرێ دەڵێ سەیری مێژوو بکە، سەیری مێژوو بکە، سەیری مێژوو بکە. بە بێ هەبوونی خوێندنەوەیەکی واقعی لە مێژوو داڕشتنی سیاسەتی ئێستا و داهاتوو مومکین نیە، زانستپەروەریی دوکتور قاسملوو لە ئاستی مێژوو کاتێک دەردەکەوێ کە باسی مێژووی کۆماری کوردستان دەکات و دەبینین چەندە واقیعبینانە هەموو کەلێن و قوژبنی ئەو کۆمارە بە ئەرێنی و نەرێنێ لێ دەکۆڵێتەوە. هێنری کیسنجێر، دیپلومات و سیاسەتوانی بەناوبانگی ئەمریکا لە کتێبی پڕەنسیپەکانی ڕێبەرایەتی وێڕای گرینگیدان بەو هەبوونی خوێندنەوەی مێژووی هەبوونی توانانی شیکردنەوەی ئەو خوێندنەوەیە بۆ بڕیاردان بە گرینگ دەزانێ، واتە تەنیا مێژووزانین نیە کە یارمەتیدەری بڕیاردانی دروست بە تایبەت بۆ شۆڕش بێت، بەڵکو شیکردنەوەی هۆکارەکان و بۆچی و چۆنیەتیی ڕووداوەکانی مێژوویە کە دەتوانێ وەک پێداویستییەکی ڕێبەرایەتی بۆ سەرکەوتنی ئەو ڕێبەرە خۆی دەردەخات.

ئەو تایبەتمەندییە لە زۆربەی قوناغەکان وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی دوکتور قاسملوو خۆی دەردەخات، واتە ئەو تەنیا دۆخەکەی شی نەدەکردەوە بەڵکوو دەیگوت بەو شیکردنەوەیە ئەوە ڕوو دەدات. تەنانەت چوونی بۆ سەر مێزی دانوستاندنی دیپلۆمات تیرۆریستەکان لەو شیکردنەوەیە سەرچاوەی گرتبوو کە ئەو دەیزانی بە کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق و دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەو سەختییەکی بێوێنە دەڕوات هەر بۆیە بە هەر قیمەتێک بێ بە دوای دەربازبوونێک بوو لەو  قەیرانە کە دواتر دیتمان چۆن بەرۆکی حیزبی لە نیشتەجێبوون لە باشوور گرت.

سێیەم چەکی گرینگی دوکتور قاسملوو کە لە نێو ڕێبەرانی دوورە وڵات و بەتایبەتی ئاکادیمی و ڕووناکبیرانی دوورە وڵات زۆر بەدەگمەن دەبیندرێ، واتە نەپچڕان لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی دایک و وڵاتی خۆتە. کەم سیاسەتوان و کەم ڕێبەر توانیویانە ئەوەندە دوورە وڵات بن بەڵام ئەوەندە باش ڕاستییەکانی وڵاتی خۆیان بناسن، ئەو چەکە ببووە هۆی ئەوەی کە ئەو نەک نامۆ نەبێ بە وڵاتەکەی بەڵکوو لە هەموو ئەوانەی دیکەی زیادتر بیناسێ، هەر ئەو ناسینەش وای کردبوو  بڕیارە و سیاسەتەکەی پێگەی جەماوەریی بەهێزی هەبێت. هەر ئەو ناسینە قووڵە بوو کە دەیتوانی شی بکاتەوە دۆخی کوردستان جیاوازە لەو تابلۆیەی کە کتێبی کاپیتاڵی مارکس بۆ کۆمەڵگەی دوای شۆڕشی پیشەسازی و ماشێنی بوخار هاتوتە ئاراوە کە واتە ئێوە ناتوانن بە کۆپی کردنی تێزەکانی کاپیتاڵ لە کوردستان سیاسەت بکەن کە نەک مێژوو بەڵکو هەر ئەو کات هەموو ئەو تێڕوانینانەی دوکتور قاسملوو وەڕاست گەڕان.

زۆر جار ئاستی دواکەوتوویی کۆمەڵگە و ڕووناکبیر و ئاکادمیستەکان کە زۆر پێشکەوتووتر لە کۆمەڵگەی خۆیانن ئازاردەرە و تەنانەت دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە کۆمەڵگە دوور بکەونەوە و  تەنانەت ئەگەر زۆر فیداکاری بنوێنن تەنیا بە نووسین لە پایتەخەتە جوانەکانی دونیا هەوڵی سڕینەوەی دواکەوتییەکان بدەن کە جێگای ڕێزە، بەڵام هەموو فیداکارییەک نیە. ئەوە ڕاستە دوکتور قاسملوو لە کۆمەڵگەی خۆی لە پێشتر بوو، بەڵام ئەوە وای نەکردبوو کە ئەو لە کۆمەڵگە دوور بکاتەوە، بەڵکوو هەوڵی خۆی لەپێناو سڕینەوەی ئەو دواکەوتیانە لەنێو کۆمەڵگەدا بدات. هەر ئەوە بوو کە دەماندیت دوکتوری ئاغا و چەپ و ئاکادمیسیەنی شەقامەکانی جوانی پاریس لە شاخ و دۆڵی کوردستان بە جامانەیەک کە ئێستاش سەمبولی خەباتە لەگەڵ پێشمەرگەکان و بە خاکەڕایی بەو تەمەنەوە شۆڕش بەرەو پێش ببەن.

ناسینی کۆمەڵناسانەی کوردستان ببووە چەکێکی گرینگ کە زۆر جار ئەو سیاسەتوانانەی لە نێو کۆمەڵگەی خۆشیان دەژین ناتوانن بەو شێوەیە کۆمەڵگەی خۆیان بناسن هەر بۆیە دوکتور قاسملوو توانی لە ماوەیەکی نزیکدا بە سەدان هەزار و میلیۆنان کەس بە دەوری شۆڕشێکی تازە کۆ بکاتەوە کە ئێمە ئێستا وەک مێژووی کورد لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دەخوێنینەوە.

پێشمەرگە چەکێکی دیکە و گرینگی بیری دوکتور قاسملوو بۆ کوردستان بوو. ئەگەر هەر یەک لەو چەکانەی پێشتر بە کورتی ئاماژەمان پێدا نەبا، لەوانەیە لەو  ڕاستییەی پێشمەرگە وەک چەکێکی گرینگ کە توانیویەتی بە هەموو فیداکارییەک و تەنانەت خەسار و کەم و کوڕییەکان بەڵام تا ئێستاش ئاڵای ئازادیخوازی بە شەکاوەی بەجێ بهێڵێت موکین نەبوو. پێشمەرگە نەک لە چوارچێوەی تەنیا هێزی چەکدار بەڵکوو لە چوارچێوەی هێزێکی ڕۆشنبیری شۆڕشگێری چەکدار کە وای دەکرد نیشتمان واتە کوردستان لە سەروی هەموو شتێک دابنێت و ئەوەش هۆکاری سەرکەوتنی حیزب و مانەوەی شۆڕش لە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران تا بە ئێستاش بێت.

چەک بۆ ئێمەی کوردی خولیای ئازادی و ژیان دوایین ئەولەوییەتە، بەڵام کە دۆخی ژێر دەستەی بەردەوامە، چەک دەبێتە ئەولەوییەتی یەکەم و هەر ئەو چەکەشە توانیویەتی دۆزی شوناسخوازی نەتەوەیەکی وا کە ڕووبەڕووی شەڕی فیزیکی و ڕەوانی و نەرمی سەدان ساڵەی فریوکارتین حاکمانی سەر زەوییە بە زیندوویی بەجێ بهێڵێ، ئەگەر وانەبا لە پێش هەمووان دوکتور قاسملووی خولیای ئازادی و ئەدەب و هونەری و جوانییەکانی ژیان ڕێکخستن و پتەوکردنی پێشمەرگە بە ئەولەویەتی خۆی نەدەزانی. هەر ئەو تێڕوانیە بوو کە فیداکاری پێشمەرگە بە یەکێک لە سێ هۆکاری سەرکەوتنی حیزبی دێموکراتی دەزانی. هەر ئەو تێروانینە بوو کە جێگرەوەی چەکی بە پێشمەرجی دێموکراسی گرێ دەدا، نەک نەمانی چەک بۆ هاتنەدیی دێموکراسی، ئەوانەی پێیان وایە بەنەهێشتنی چەک بەدێموکراسی و مافی نەتەوەی دەگەن تا ئێستاش نە دوژمنیان ناسیوە نە خۆشیان وەک کورد وکوردستان ناسیوە، چونکە زۆر ڕوونە ئەگەر بە بێ چەک دێموکراسی وەدی هاتبا بێ گومان ئێمە کوردی خولیای ئازادی و ژیان چەکمان هەڵنەدەگرت. هەر بۆیە کاتێک دوکتور قاسملوو پێداگری لە سەر ئەو خاڵە واتە فیداکاری پێشمەرگە دەکاتەوە، کاتێک بۆخۆشی ژیانی پێشمەرگانە هەڵدەبژێرێ و پێشمەرگانە دەژیت و پێشمەرگانەش فیداکاری دەکات دەیهەوێ ئەو ڕاستیە بسەلمێنێ کە بەبێ پێمشەرگە بە واتا ڕۆشنبیرە شۆڕشگێرەکەی دۆزی ڕەوای کورد بەرەو پێش ناچێت.

لێرەدا شایانی باسە ئەگەر هەموو پێشمەرگەش نەبین بەڵام بە هزری پێشمەرگانە خزمەت کردن بە ئامانجی پێشمەرگەکان کە لەپێش هەموویدا ئازادی کورد و کوردستانە وەک ئەولەوییەتێکی ژیان دەبێ ئامانج بێت، هەر وەک دوکتور قاسملوو لە ژیانی ئاکادامیدا ڕۆژنامەی "کوردستان" بڵاو دەکاتەوە، تێزەکەی بە "کوردستان و کورد" ناوزەد دەکات کە خزمەتێکی گەورەیە و لە هەر شوێنێک بە "ئاگری کورد و کوردستان سوتاوە بۆیە وەک پێشمەرگە ژیاو وەک پێشمەرگە بە فیداکاری شەهید و بۆ هەمیشە بە زیندوویی مایەوە.