
هەواڵدەریی میزان، سەر بە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، باسی لە دەرکردنی حوکمی زۆرتر لە ٣٠ ساڵ بەندکردن بۆ دوو هاووڵاتیی فەرانسەوی بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی میزان، یەکێک لە تاوانبارەکان لە سێ دۆسییەی جیا لە یەکدا، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیتلاعاتی فەرانسە بە ٦ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و کەینوبەین دژی ئەمنیەتی وڵات بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی هاوکاریی ئیتلاعاتی بۆ ئیسراییل بە ٢٠ ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە مەحکوم کراوە.
کەسی دووهەمیش بە تۆمەتی سیخوڕی ئیتلاعاتیی بۆ فەرانسە بە ١٠ ساڵ بەندکردن، کۆبوونەوە و کەینوبەین بۆ ئەنجامدانی تاوان بە دژی ئەمنییەتی وڵات بە ٥ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی هاوکاریی ئیتلاعاتیی بۆ ئیسراییل بە ١٧ ساڵ بەندکردن سزا دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هاواڵگرییەکان، ئەم دوو بەندکراوە بە ئەگەرەوە، سیسیل کۆهلر و ژاک پاریس، بن کە لە ساڵی ١٤٠١دا لە بەندیخانەی ئێڤیندا بەند کراون و وڵاتی فەرانسە چەند جارێک گرتنی ناوبراوانی نایاسایی زانیوە و خوازیاری ئازادییان بووە.
دەرچوونی ئەم حوکمانە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک لە گرتنی هاووڵاتییە بیانییەکان وەک ئامرازی گوشار لە دانوساندنە سیاسییەکان کەڵکی وەرگرتووە کە بە دیپلۆماسیی بارمەتەگرتن ناودێر دەکرێت.