کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماستەرنامەیەک لەژێر ناوی دوکتور سادقی شەرەفکەندی لە زانکۆی سلێمانی گفتوگۆی لەسەر کرا

16:13 - 23 رەزبەر 2725

تێزی ماستەری خوێندکارێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستان، لەژێر ناوی ''سادق شەرەفکەندی  ١٩٣٨- ١٩٩١'' ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ لە زانکۆی سلێمانی، دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێ ئەو تێزە لەلایەن لێژنەی گفتگۆ قەبووڵ کرا.

فارووق حەسەن حوسێن، خوێندکارێکی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی باشووری کوردستان و خاوەن بڕاوانامەی ماستەر لە ساڵی ٢٠٢٣، تێزی ماستەرەکەی لەسەر کەسایەتیی دوکتور سادق شەرەفکەندی ڕێبەری گەلی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە زانکۆی سلیمانی پێشکەش کرد.

فارووق حەسەن ڕایگەیاند کە ئامانجی لەم تێزە ئەوە بووە کە ڕۆڵ و کاریگەریی دوکتۆر شەرەفکەندی لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد زیاتر ڕوون بکاتەوە کە کاریگەریی لەسەر هەموو بزووتنەوەکان، ناوچەکە و تەنانەت نێودەوڵەتیش هەبووە.

فاروق حەسەن باسی لەوە کرد کە بۆ ئەم تێزە لەسەر دوکتور سادق شەرەفکەندی لە بەڵگەنامە و نووسراوەکانی حیزبی دێموکرات، ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی زانیاریی تایبەتیان هەبوو، کەڵکی وەرگرتووە.

ناوبراو وتی دوکتور سادق شەرەفکەندی ڕێبەرێکی دڵسۆز و خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، كه‌ خزمه‌تێكی زۆری به‌ دۆزی گه‌لی كورد كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مووان له‌پێناو به‌دیهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌ی درێژه‌پێده‌ری ڕێگه‌كه‌ی بن.

لە بەشیکی تێزی ماستەری ئەم خوێندکارە کوردە لەسەر تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی لە ڕێستورانی میکۆنۆس لە بێرلین ئەم ڕووداوە و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندیی ئێران و ئورووپا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە هۆی کەسایەتیی بەرزی شەرەفکەندی ڕوون دەکاتەوە.

دوکتور سمایل بازیار یەکێک لە مامۆستایانی لێژنەی گفتگۆ لەسەر ماستەرنامەی فارووق حەسەن وتی: ''جێی خۆشحاڵی و پێزانینە کە لە باشووری کوردستان و لە زانکۆ توێژینەوەیەک بە شێوازی ئاکادێمی لەسەر ژیان و تێکۆشانی سیاسیی دوکتور شەرەفکەندی وەک سەرکردەیەکی سیاسیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەگشتی و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێ، کە پێشتر توێژینەوەی سەربەخۆ لە پلەی ماستەرنامە لەم بارەیەوە نەکرابوو."

دوکتور بازیار وتی کە لەم توێژینەوەیەدا، توێژەر بە سوودوەرگرتن لە ڕێبازی توێژینەوەی زانستیی مێژوویی و وەسفی و هەروەها بە پشتبەستن بە دەیان سەرچاوە و بەڵگەنامەی ڕەسەن و هەروەها وتووێژ لەگەڵ هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دوکتور شەرەفکەندی، هەوڵی داوە لە ئامانجی توێژینەوەکە نزیک ببێتەوە.

ناوبراو لە دریژەدا باسی لەوە کرد، توێژەر تیشکی خستووەتە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تێکۆشانی سیاسیی دوکتور شەرەفکەندی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا و بەتایبەتی کاریگەریی کاراکتێری بەڕێزیان لەسەر مودیریەت و ئیدارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەسپاندنی ڕێبازی نەتەوەیی وەک پرسی سەرەکیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەو کۆمەڵگەیە و هەروەها هاوسۆزی و هاوکاریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان.

ماسترنامەی فارووق حەسەن نیشان دەدات کە ئەم توێژینە بۆ دروستکردنی تێگەیشتی ڕوون لەسەر کەسایەتیی کاریزما و ڕێبەری دوکتور شەرەفکەندی بۆ توێژەرانی داهاتوو و ئەو کەسانەی هۆگری مێژووی کورد و بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن وەک سەرچاوەیەکی گرینگ لە ئەژمار بێت.