کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی توندی ئیسرائیل لە حەماس

11:43 - 23 رەزبەر 2725

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئامادەیە دەرفەتێک بە ئاشتی بدات، بەڵام ئەگەر حەماس چەک دانەنێت، "جەهەندەمێک وەرێ دەخرێت".

نێتانیاهوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ''سی بی ئێس'' ڕایگەیاند کە قۆناغی داهاتووی پلانی ئاشتی لە غەززە دەبێ ببێتە هۆی ئەوەیکە حەماس بە تەواوی لە چەک دابماڵدرێت.

نێتانیاهوو وتی، دەیەوێت لەوە دڵنیا بێت هیچ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چەک لە کەرتی غەززەدا نەبێت و هیچ چەکێک بە قاچاخ نەهێنرێتە ئەو ناوچەیە.

بە گواستنەوەی تەرمی ژمارەیەکی زیاتر لە بارمتەکان، ئیسرائیل ڕێگەی بە ٦٠٠ بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان داوە بچنە ناو کەرتی غەززەوە.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، لە کۆشکی سپی لە دیدار لەگەڵ سەرۆککۆماری ئارژانتین ڕایگەیاند، "حەماس لە چەک دادەماڵدرێت''. ناوبراو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ''ئەوان (حەماس) لە چەک دادەماڵدرێن، چونکە خۆیان وتوویانە چەک دادەنێن.''

ترامپ هۆشداری دا ئەگەر حەماس چەک دانەنێت، ئەمریکا بە خێرایی و ڕەنگە بە توندوتیژی چەکیان پێ دانێت.