کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی هەزار و ٥٠٠ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی قزڵحەسار

16:30 - 23 رەزبەر 2725

نزیک بە هەزار و ٥٠٠ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی قزڵحەسار لەهەمبەر  چوونەسەرەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەوبارەوە، مانیان لە خواردن گرت.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بەندی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار و دوو ڕۆژ دواتر بەندەکانی ٣ و ٤ی ئەو بەندیخانەیە یەکێک لە بەربڵاوترین مانگرتنە ناڕەزایەتییەکانی نێو بەندیخانەکانی ئێرانیان بەڕێوە برد.

ئەو بەندکراوانە لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ئەو مانگرتنەدا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو کە "چیتر هێزی دانبەخۆگرتنمان لە بەرانبەر ئەستاندنەوەی گیانی هاوبەندییەکانمان نەماوە و لە هەر ڕۆژێکی حەفتەدا، شایەتحاڵی لەسێدارەدانی هاوبەندییەکانمانین و زۆربەمان شەوانە لەگەل مۆتەکەی مەرگ و سێدارە بەرەوڕووین و ئەوەش بەئازارترین ساتەکانی ژیانی ئێمە و بنەماڵەکانمانە".

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر، ١٦ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەجەوە بەمەبەستی جێبەجیکرانی سزای لەسێدارەدانیان بۆ ژوری تاکەکەسی ڕاگوێزراون و پێشتریش ١١ کەسی دیکە بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون.

هەروەها لە بەیاننامەی بەندی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساردا نووسراوە: "سزای سێدارە دەبێت لە ئێران هەڵبگیردرێتەوە، ئەو ڕێژیمە بە چ مافێک بۆی هەیە گیانی مرۆڤەکان بستێنت و بۆیە لە ڕێگەی ئەم بەیاننامەوە داوا لە هەموو بەندکراوان دەکەین بە شێوەیەک بۆیان دەلوێت پشتیوانیی خۆیان لە بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە دەرببڕن".