
کاک مستەفاهیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدبوونی حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری ئاویەردا تووشی سووتان بوو و گیانی پێشکەشی نیشتمان کرد، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هەواڵی گیانلەدەستدانی حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "شنەی نەوژینی کوردستان"، ڕووداوێکی دڵتەزین بوو.
دوای ئەوەی ئاگر لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر کەوتەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز، وێڕای ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە، وەک ئەرکی نیشتمانی، بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە خۆیان گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە.
مخابن تێکۆشەری ژینگەپارێز، حەمید مورادی کە بە هۆی گڕو تینی ئاگرەوە تووشی سووتانی جەستە و برینی قورس ببوو، بە هۆی سەختیی برینەکانی، ماڵاوایی لە ژیان کرد و گیانی پێشکەش بە خاک و ژینگەی کوردستان کرد.
جەماوەری بەهەڵوێست و نیشتماندۆستی پارێزگای سنە و ناوچەکانی دەوروبەری، لە ڕێوڕەسمێکی شایان و بەشکۆدا، تەرمی تازەترین شەهیدی ژینگەپارێزیان بە خاکی کوردستان ئەسپارد.
بەشداریی کوردستانییان لەم ڕێوڕەسمەدا و بەرهەڵستبوونەوەیان، جارێکی دیکە سەلماندی کە نەتەوەی خۆڕاگر و بەباوەڕی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، سەبارەت بە ژینگەی کوردستان و شەهیدانی ژینگەپارێز، لەسەر هەستە و خاوەندارێتیی لێ دەکات و ئەو پەیامە دەگەیێنێتەوە کە "ئەندێشەی سەوزمان ڕێبەرە."
بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی حەمید مورادی و کۆمەڵگەی ژینگەپارێزی کوردستان دەکەم. بە هیوای چاکبوونەوەی بریندارەکانی ئەم ڕووداوە.
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی