کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرگرتنی ئاویەر شەهیدبوون و برینداربوونی چەند ژینگەپارێزی لێ کەوتەوە

11:09 - 4 گەلاوێژ 2725

کاتژمێر نزیک یەکی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کووردستان یەکەمین هەواڵ لە تێلێگرامی ئەنجومەنی شنەی نەوژینی کوردستان بڵاو کرایەوە کە تێیدا هاتبوو: ئاویەر ئاگرە!

دوای بڵاوبوونەوەی خێرای هەواڵەکە، خەڵکی نیشتماندۆست لە گۆشە و کەناری شارەوە خۆیان گەیاندە داوێنی ئاویەر تاکوو لە کوژاندنەوەی ئەگرەکەدا یارمەتیدەر بن.

ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان، خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی مەدەنی ڕوویان لە ئاویەر کرد تاکوو لە سووتان بیپارێزن.

حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی شنەی نەوژینی کوردستانیش لەو کەسانە بوو کە بە هانای ئاویەرەوە هاتبوو کە بەداخەوە بە هۆی قورسیی برینەکانییەوە، ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ، شەهید بوو و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتماندۆست و ژینگەپارێزانی نیشتماندا و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

تەشەنەسەندنی ئاگرەکە جیا لە شەهیدبوونی حەمید مورادی، بووە هۆی برینداربوونی چوار کەسی دیکە کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران .

بەپێی زانیارییەکان، ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ ڕۆڵێکیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا نەبووە و دواتر تەنیا ئەرکی ڕاگواستنی بریندارەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.

تاکوو ئێستا بەتەواوەتی هۆکاری ئەم ئاگرگرتنە ڕوون نییە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید حەمید مورادی، لە چوار شوێنی جیاوازی مەریوانیشدا ئاگر بەر درایە ژینگە و بەشێک لە ژینگەی مەریوانیش لە ئاگردا سووتا و ژمارەیەک لە چالاکان ئەم هەوڵە بە هەوڵی ئەنقەستی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوەی جەماوەر دەزانن.

زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەئەنقەست و بە مەبەستی تێکدانی ژینگەی کوردستان بەڕێوە دەچن.

ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە لەوڕگە و دارستانەکانی کوردستان بوونەتە دیاردەیەکی ساڵانە، بەڵام نەبوونی پلان و کەمبوونی ئیمکانات لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز هەموو ساڵێک بە ئیمکاناتی سنووردار هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە بدەن.

ئەم دۆخە تاکوو ئێستا گیانی دەیان چالاکی ژینگەپارێزی ئەستاندووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن.