
لەم دانوستانەدا کێ دەدات و کێ دەستێنێت؟
دارسمە
ئێران و ئەمریکا، دوو ڕکابەری چەند ساڵە، جارێکی دیکە هەردوولا باسی دانوستان دەکەن. وشەی "دانوستان" خۆی وشەیەکی کوردیی ڕەسەنە و لەڕاستیدا زۆر لە "موزاکرە"ی فارسی، کە لەنێو میدیای ئێمەشدا بووەتە وشەیەکی باو، خۆشتر و واتادارترە. چونکە خودی وشەکە ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەکی دوو یان چەند لایەنە: لایەنێک یان چەند "دەدەن" و لایەنێ یان چەند لایەنی دیکە "دەستێنن. دیارە جارێ دانووستانی ئێران و ئەمریکا دوولایەنەیە و ئەگەر ئەم ئورووپا ومروپایەش بێنە نێوی ئەوە ئەویش دەبێتە چەند لایەنە و تێکەولێکەکەی چڕتر دەبێتەوە و بە هۆی ئەوەی هەموو لایەنەکانی دانوستان دەکەونە بەرانبەری کۆماری ئیسلامی، ئەوەی زیاتر ڕێگەی تێدەچێت، لە ئێرانی دەستێنن. لەم پێڤاژۆیەی دانوستانی ئێران و ئەمریکادا، هەر یەکەیان هەوڵ دەدات کەمترین بدات و زۆرترین وەربگرێت؛ بێگومان هەموو دانوستانێکیش هەر بەمجۆرەیە.
بابەتی هەرە گەرمی ئێستای نێوەندەکانی هەواڵ و ڕاگەیاندن، دانوستانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هەرچەندە تا ئێستا بوردی ڕوون نیە نێوەڕۆکی ئەم دانوستانە چیە، بەڵام هەڵوێستی لایەنەکان پێش و پاش ڕووداوەکان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەردا هاتوە. تا پێش ماوەیەک، بەر لەوەی ئیسرائیل هێرشە بەهێزەکەی بکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی تێدا بکوژێت و تەنانەت ڕێبەری کۆماری ئیسلامییش لە ترسی هێرشی زیاتر بۆ ماوەیەک خۆی لە ژێرزەمینەکاندا حەشار بدات، لایەنی ئێرانی بە لەخۆباییبوونێکی زۆرەوە دەیگوت لەم دانوستانەدا ئەوەی "دەدات" ئەمریکایە و ئەوەی "دەستێنێت" ئێرانە.
ئێران بەو تەمایەوە دەچووە سەر مێزی گفتوگۆ ئەمریکا ناچار بکات هەموو گەمارۆ ئابوورییەکان هەڵبگرێت و ئەوکات کۆماری ئیسلامی بتوانێت بە ئارەزووی خۆی نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەی بە ئاشکرا و نهێنی بۆ پەرەپێدانی "هیلالی شیعی"، بەهێزکردنی توانای مووشەکی و خەونە گەورەکەی، واتە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، تەرخان بکات. لە خەیاڵی کاربەدەستانی تاراندا، دوای ئەم "سەندنە" گەورەیە لە ئەمریکا، ئێران هێندە بەهێز دەبوو دەیتوانی لە هێرشێکی کوتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا کۆشکی سپی داگیر بکات و بیکات بە حوسێنییە یان تەویلە!
بەمجۆرە پلانی ئێران دووڕێیانێکی لە بەردەم خەڵکی ئەمریکادا دادەنا: ئەگەر گەلی ئەمریکا ڕەگەڵیان بکەون، ببنە شیعە و دەست بکەن بە شیوەن و شەپۆڕلێدان بۆ ئیمامان، ئەوا کۆشکی سپی دەکرایە حوسێنییە. ئیدی مەداح و ڕەوزەخوێنان بە زمانی ئینگلیزی نەوحەیان دەخوێندەوە و خەڵکی ئەمریکاییش لە یانە شەوانەکان، ڕێستۆرانتەکان، هەڵپەڕکێگە و ماڵەکانیانەوە بەڕێ دەکەوتن، ئەگەر بۆیان بلوایە جلکی ڕەشیان دەکردە بەر و بە زنجیرەوە بۆ لەخۆدان ڕوویان لەو کۆشکە سپییە دەکرد بە هەوڵ و کۆششی کۆماری ئیسلامی بووەتە حوسێنییە.
بەڵام ئەگەر دانیشتووانی ئەمریکا بەمە ڕازی نەبووبان و ئامادەی قوڕ وەسەرکردن و سینگکوتان نەبووبان، بەمجۆرە لە دیدی کۆماری ئیسلامییەوە گەلێکی بێئەقڵ دەبوون و چارەنووسێکی باشتر لەوەیان شایستە نەدەبوو کۆشکی سپی بکرێتە تەویلە و ئەوانیش وەک ئاژەڵ تێیدا کۆ بکرێنەوە. بەم شێوەیە، لە هەر ئەگەرێکدا، چ وەک شینگێڕ لە حوسێنییەدا یان وەک ئاژەڵ لە تەویلەدا، دانیشتووانی ئەمریکا لە چوون بۆ نێو کۆشکی سپیی داهاتوو بێبەش نەدەکران! کەچی ئێستا، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل و گۆڕانی هاوکێشەکان، لایەنی ئەمریکایی، بەتایبەت ئیدارەی سەرۆککۆماری ئێستا، بە سازێکی جیاوازوە دەژەنێت و دەهۆڵێکی دیکە دەکوتیت. ئەوان دەڵێن لەم دانوستانەی ئێستادا، ئەوە ئەمریکایە "دەستێنێت" و ئێرانیش دەبێت "بدات". ئەمریکا لە لایەک گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی توندتر دەکاتەوە، لەولاشەوە هەڕەشەی هێرشی سەربازی و داوای دانوستان لەگەڵ یەکتردا دەباتە پێش. ئەوان پەیامەکەیان بۆ تاران ڕوونە و دەڵێن "ئەمجارە ئێمە دەستێنین و ئێوە دەدەن."
لەم نێوەندەدا، ئێران لەبەرخۆیەوە بە بێزارییەوە دەڵێت: "ناتکەوێ!" واتا، من نادەم و تەسلیم نابم. ئەمریکاش لە وەڵامدا، زۆر بە هێمنی سەرینی خاترجەمیی دەخاتە ژێر سەری کۆماری ئیسلامی و بەو زمانە ئاشنایەی لە سیاسەتی ناوچەکەدا باوە، پێی دەڵێت: "بمکەوێ هەر دەمهەوێ و نەمکەوێ هەر دەمهەوێ." ئەمەش واتا، چ بە ڕەزامەندیی خۆت بێت یان بە زۆر، هەر دەبێت ئەوەی دەمانهەوێت بیستێنین.
لە ئێران وێڕای ئەوەی فشاری ئەمریکا بەردەوامە، خەڵکەکەش دەسەڵاتیان تۆقاندوە، ڕۆژانە دانیشتووانی ئێران بەکۆمەڵ ڕەوانەی زیندانان دەکرێن ئەوانیش وەک بەڕێوەبەرانی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیلیان لێ دەدرێت. لەم دواییانە خەریکە بەڵایەکی دیکەش بەربینگ بە کۆماری ئیسلامی دەگرێت و خەڵک باس لە شتێکی زۆر مەترسیدار دەکەن و کۆمەڵێک ڕووناکبیر و مووناکبیر و سیاسی و میاسی داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی یاسای بنەڕەتی و دامەزرانی ئەنجومەنی دامەزرێنەران واتە مەجلیسی موئسیسان دەکەن و ئەمەش وێڕای هەموو فشارەکانی دیکە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە نیوسەدە تەمەنەوە خستووەتە سەر ئەژنۆیان.
لە کۆتاییدا، وا دیارە چارەنووسی ئەم دانوستانەش بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کۆماری ئیسلامی، دوای هەموو ئەو هەڕەشە و خۆ بەزلزانییەی پێشووی، بە ناچاری و بە دەنگێکی نزمەوە بگاتە ئەو قۆناغەی بە لایەنی بەرانبەر بڵێت: "ابتکەوێ هەر دەتدەمێ و نەتکەوێ هەر دەتدەمێ!"