
ڕۆژنامە واشینگتۆن پۆست وتاریکی بە نووسینی "ستێفان جەی ڕاپ"، دادستانی پێشووی دادگا نێونەتەوەییەکانی "ڕواندا" و "سیرالیۆن" و باڵوێزی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری تاوانەکانی شەڕ سەبارەت بە مەترسییەکانی دووپاتبوونەوەی لەسێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠ لە ئێران بڵاو کردەوە.
جەی ڕاپ لە وتارەکەیدا نووسیویەتی: "کوشتاری نوێی خەڵکی ئێران بەدەستی ڕێژیمی تاران لە پێش چاوی هەمووان لەگەڕدایە و ئەم ڕێژیمە لەهەوڵدایە تاکوو ڕەشترین تاکتیکەکانی خۆی وەگەڕ بخاتەوە".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە و پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە باسی لەوە کردووە کە ڕێژیم بۆ تۆقاندنی خەڵک و سەرکوتی دژبەران کەڵک لە سێدارەکان وەردەگرێت و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم ڕووداوانە لەم کاتەدا بەشێک لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیلدایە.
جەی ڕاپ پشتڕاستی کردووەتەوە کە مەترسیی ئەوە هەیە ڕێژیمی ئێران کوشتارەکانی وەک ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق دووپات بکاتەوە.
لەم تاوانەدا ڕێژیمی ئێران بەبێ ئەنجامی پڕۆسەی دادوەری، هەزاران بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دا.
ئەم مافناسە نێودەوڵەتییە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم سەبارەت بە وەگەڕخستنەوەی لەسێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠ کردووە و وتوویەتی کە ئەم هەوڵانە دەتوانێت ڕێگەخۆشکەری "ئێعدامەکان" بێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆژنامەی "فارس"ـی سەر بە سپای پاسداران داوای لە حکوومەت کردبوو کە هاوشێوەی لەسێدارەدانە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، دژبەرانی ڕێژیم کۆمەڵکوژ بکرێن.
فارس لەسێدارەدانە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ١٣٦٧ی بە یەکێک لە کارە بەنرخەکانی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دابوو و جەختی کردبووەوە کە "ئێستا کاتی دووپاتبوونەوەی ئەم ئەزموونە مێژووییەیە".
ڕێژیم پاش کۆتاییهاتنی شەڕ، دەسبەسەرکران، سەرکوت و لەسێدارەدانەکانی بە بیانووی "بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیخوڕەکانی دوژمن"، چڕتر کردووەتەوە.
کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان سەبارەت بەم هەوڵانەی حکوومەتی تاران هۆشدارییان داوە کە مەترسی ئەوە هەیە کە تاوانێکی دیکە وەک ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ لەلایەن ڕێژیمەوە دووپات بکرێتەوە.