
بڵاوکراوەی "ناشناڵ سکیوریتی ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا بە قەڵەمی جەک باکبی نووسیویەتی، هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پایگای ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وای کردووە کە ئەرتەشی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکانی چین لە ناوچەی هیند و زەریای ئارام ئامادەیی خۆی زیاتر بکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە هێرشی فڕۆکەکانی بی ٢ی ئەمریکا بۆ سەر سایتی ناوکیی فۆردۆ ، ١٤ مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی پایگای ئەلعودەید کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا بە هاویشتنی نزیکەی ٣٠ مووشەکی پاتریۆت توانیان بەرپەرچی ئەو هێرشە بدەنەوە؛ کردارێک کە بە وتەی ژنڕاڵ دێن کین، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەش، بوو بە گەورەترین بەشداریکردنی یەکەکانی پاتریۆت لە مێژووی سەربازی ئەمریکادا.
بە وتەی تیمۆتی واڵتۆن، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی هادسۆن، ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕاستەقینەیە ئەزموونێکی بێوێنەی بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە بارودۆخی شەڕدا دابین کرد و ئامادەیی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکای لە بەرامبەر هەڕەشە هاوشێوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیاد کرد.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەرتەشی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە دەستەکانی پاتریۆتی خۆی پەرە پێبدات و سیستمی بەرگریی نوێ لەوانە "توانای بەرپەرچدانەوەی ئاگری ناڕاستەوخۆ" (IFPC) بەکار بهێنێت.
نووسەری ئەو ڕاپۆرتە لە ئەنجامدا دەڵێت کە هەرچەندە ئەم پێشهاتە نیزامییە لە وڵامی هەڕەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا داڕێژراون، بەڵام ئەو ئەزموونەی کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێرانەوە بەدەست هاتووە، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بۆ ئەمریکا لە ڕکابەرییە ستراتێژییەکانی لەگەڵ چین لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا بگێڕێت.