
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٤ی پووشپەڕ، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بینای دادگوستەریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە شاری زاهێدان، لانیکەم شەش کەس کوژران و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕێکخراوی "جەیشولعەدل" لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر ناوی "باسکی عەداڵەت" ئەنجام دراوە و بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی "نادادپەروەریی سیستمی دادوەری بەرامبەر بە هاووڵاتییانی بەلووچ" بووە.
ئەو ڕێکخراوە ئیدعای ئەوەی کردووە کە "لانیکەم ٣٠ پێرسۆنیلی دادگوستەری، هێزە نیزامی و ئەمنییەکان کوژراون یان بریندار بوون".
جەیشولعەدل هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە سێ کەس لە ئەندامانی خۆی لەو هێرشەدا کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''حاڵوەش''، دەرگیرییەکە نزیکەی کاتژمێر هەشت و ٥٠ خولەکی بەیانی دەستی پێ کردووە، تەقەی بەردەوام و چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە دەوروبەری باڵەخانەکەوە بیستراوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێ کراوە.
هیندێک لە سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کردووە کە هێرشبەرەکان چوونەتە ناو دادگاکە و ڕاستەوخۆ نووسینگەی دادوەرەکانیان کردووەتە ئامانج. بەڵام سەرۆکی دادگوستەریی سیستان و بەلووچستان ئیدیعای کرد کە هێرشبەرەکان نەچوونەتە نێو بیناکەوە.