کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی ئامارێکی نوێ لە کوژراوانی شەڕەکەی بڵاو کردەوە

10:49 - 10 پووشپەڕ 2725

وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دوشەممە ٩ی پووشپەڕ بە پشتبەستن بە ئاخرین داتاکانی پزیشکی دادوەری، ئاماری کوژراوانی شەڕەکەی ئێران و ئیسرائیلی بڵاو کردەوە .

بەپێی زانیارییەکان ئاماری کوژراوان بەرز بووەتەوە و دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمیش بە فەرمی ڕایگەیاند کە لەم شەڕەدا کە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژی خایاند، ٩٣٥ کەس لە ئێراندا کوژراون.

وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم پێشتر ڕێژەی کوژراوانی پێش لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە ٦١٠ کەس ڕاگەیاندبوو.

وتەبێژی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم هەروەها باسی لە کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین کردووە و ڕایگەیاندووە کە ٧٩ کەس لە سەردانیکەران و بنەماڵەی بەندکراوان، کادری ئیداریی بەندیخانە، جیرانەکانی ئێڤین و بەندکراوان بە هۆی ئەم هێرشەوە کوژراون.

بەپێی زانیارییەکان ئەو ماڵانەی کە وەکوو جیرانی بەندیخانەی ئێڤین ناویان لێ دەبەن و کەسیان لێ کوژراوە، کەسانی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون.

ئاماری کوژراوانی بەندیخانەی ئێڤینیش پێشتر ٧١ کەس ڕاگەیەندرابوو.

ئاماری نوێی دەزگای دادوەری لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا لە ئاخرین بەڕۆژکردنەوەی زانیارییەکانی خۆیدا سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان و برینداربووانی شەڕەکە، لە ڕۆژی ٦ی پووشپەڕدا ڕایگەیاند کە بەپێی داتاکانی پزیشکە خۆبەخشەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، ١١٩٠ کەس کوژراون و ٤٤٧٥ کەسیش بریندار بوون.