
یەکەمین خولی دانیشتنەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە، ڕۆژی هەینی ٢ی گەلاوێژ لە ئیستانبولی تورکیە بەڕێوە چوو.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز سەبارەت بەم خولە لە دانیشتنە ناوکییەکانی تاران و وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ڕاپۆرتیکدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێت لە سەر بابەتگەلی سەرەکیی وەک دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا، هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و ڕوونکردنەوە سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ٤٠٠ کیلۆ ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی سەرەوەدا، وڵامدەر بێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئێران لەم وتووێژانەدا خوازیاری ئەوە بووە کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ئەندامانی شۆراوە پەسەند کرا، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ کۆتایی پێ بێت و چیدیکە درێژ نەکرێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێش دانیشتنەکە ڕایگەیاندبوو کە تاران وتووێژکردن بۆ نوێکردنەوەی ئەم بڕیارنامە بە بابەتێکی بێبنەما دەزانێت.
لەلایەکی دیکەوە سێ وڵاتی ئورووپایی تا ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان و پێش لە بەسەرچوونی ماوەی ڕێککەوتنی بەرجام دەرفەتیان بە کۆماری ئیسلامی داوە کە ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکات.
بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان ناسراو بە ترۆئیکای ئورووپایی لە هەوڵدان تاکوو تاران ڕازی بکەن کە ماوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت بۆ ٦ مانگی دیکە درێژ بکەنەوە تاکوو بتوانن لەم ماوەیەدا بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە سەر پرسە ناوکییەکانی ئێران، پێش بە کاراکردنی مێکانیزمی ماشە بگرن.
ئەم سێ وڵاتە پێشتر هەڕەشەیان کردبوو کە ئەگەر تاکوو ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان دانوستان ئەنجام نەبێت، مێکانیزمی ماشە واتا گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکانی پێش بەرجام بۆ سەر ئێران کارا دەکەن.
دیپلۆماتێکی باڵای ئورووپایی لەم پێوەندییەدا بە "ئاسۆشەیتێدپرێس"ـی ڕاگەیاندووە کە ئێران لە وتووێژەکانی ئیستانبوولدا لەسەر گەرەنتییەک بۆ نەمانی هەڕەشە سەربازییەکان پێداگریی کردووە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە هەر ئەو بابەتە بووەتە جیددیترین بەربەست بۆ بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان.
ئەم دیپلۆماتە زیادیشی کردووە کە ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ڕەوتی وتووێژەکاندا نەیەتە ئاراوە، بە ئەگەری زۆرەوە ترۆئیکای ئورووپایی مێکانیزمی ماشە کارا دەکەن.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوو بەردەاوم هەڕەشەی کردووە کە کاراکرنی مێکانیزمی ماشە لێکەوتەی جیددیی لەلایەن تارانەوە بەدواوە دەبێت کە یەکێک لەوانە هاتنەدەرەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ناسراو بە "ئێن پی تی"، دەبێت.
وێدەچێت ئەم خولە لە وتووێژەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام بێت.