
پاش کۆتاییهاتنی شەڕ، ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان ژمارەیەکی زۆر خاڵی پشکنینی جێگیر کردووە و دۆخەکەی بەتەواوەتی مێلیتاریزە کردووە.
بەپێی هەواڵ و گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، هەموو ڕێگەکانی چوونە ژوورەوە و چوونە دەرەوەی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران و پۆلیسەوە بە دانانی خاڵی پشکنین گیراوە و کەشێکی تەواو ئەمنییەتی بە سەر شارەکاندا سەپێندراوە.
لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسپێکی شەڕەوە ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بە دانانی خاڵی پشکنین، بۆ چەکوچۆڵ بەتایبەتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەگەڕا.
سەرەتا تەنیا ماشینە بارهەڵگرەکان و وانێتەکان پشکنینان بۆ دەکرا بەڵام لە ئێستادا پشکنینەکان چڕتر بووەتەوە و زۆربەی ماشینەکان لەم خاڵانەدا ڕادەگیرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم خاڵانە بە تەواوەتی لە شارەکانی کوردستاندا جێگیر کراون و هەموو هاتوچووەکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن کە ئەمە بووەتە هۆی دروستکردنی کێشە و بەفیڕۆدانی کاتی خەڵک لەم خاڵانەدا.