
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کاک فەرەج عەتایی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵکی سنە، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
كاک فەرەج عەتایی لە ناوچەی گاوەرۆی سنە لە دایک بووە. دوای ئەوەی كە لە شاری سنە گیرسایەوە وەک هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی هەوڵی پێگەیاندنی منداڵەکانی دا و فێری کردن كە كوردستانیان خۆش بوێت، هەر لەو پێناوەدا یەکێک لە كوڕەكانی بەناوی شوانە عەتایی بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و چەكی بەرگری لە نەتەوەکەی لەشان کرد.
كاك فەرەج چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە گیرا و ئەزیت و ئازار درا هەر تەنیا بەو هۆیەوە کە وەک كوردێكی بەهەست ڕۆڵەیەكی پێگەیاندبوو تاکوو خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی بكات.
کاک شوانە عەتایی لەو پێشمەرگانەی حیزب بووە کە چەندین جار لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکای ڕێژیمدا بریندار بووە و ئێستاش لەو ڕێگا پێروزە كە هەڵیبژاردووە هەر بەردوامە و وەکوو ئەندامی حیزب لە دەرەوەی وڵات خزمەت بە نیشتمانەکەی دەکات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.