
وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "سی بی ئێس"، لە پێوەندی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندووە کە فەرانسە ڕێککەوتنێکی گشتگیری دەوێت کە بەرنامە ناوکی، مووشەکی و هەوڵە ناوچەییەکانی تاران لەخۆ بگرێت.
ژان نوئێل بارۆ بە ئاماژەدان بە پێشێلکارییەکانی ئێران لە پێبەندییەکانی ڕێککەوتنی بەرجامدا وتی: "ئێمە هێشتا بەرەوڕووی مەترسین و لەگەڵ بریتانیا و ئاڵمان بە ئاشکرا ڕامانگەیاندووە کە ئێران نابێت چەکی ناوکیی هەبێت".
بارۆ زیادی کردووە کە لە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ ئەمریکادا، پێوەندییان بە بەرپرسانی ئێرانەوە گرتووە و داواکارییەکانی خۆیانیان بۆ خستوونەتە ڕوو.
وەزیری دەرەوەی فەرانسە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ڕێککەوتنی بەرجام بووەتە هۆکاری دواکەوتنی بەرچاوی بەرنامە ناوکییەکانی تاران و جەختیشی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هەموو پێبەندییەکانی لەم ڕێککەوتنەدا پێشێل کردووە.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا فەرانسە هاوکات لەگەڵ بریتانیا و ئاڵمان لەهەوڵدان کە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران واژۆ بکەن کە نە تەنیا بەرنامە ناوکییەکان، بەڵکوو هەموو بەرنامە مووشەکی و هەوڵە ناسەقامگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لەخۆ بگرێت.
بارۆ لە پێوەندی لەگەڵ کاراکردنی مێکانیزمی ماشە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی تاکوو ڕێکەوتی دیاریکراوی ٩ی خەرمانان بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ترۆئیکای ئورووپا نەگات، هەموو گەمارۆ جیهانییەکان کە پاش ڕێكکەوتنی بەرجام پووچەڵ کرابوونەوە، بۆ جارێکی دیکە لەسەر ئێران دادەنرێنەوە.
هەینی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، یەکەمین خولی دانیشتنەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئورووپایی لە ئیستانبوولی تورکیە بەڕێوە چوو.
ئورووپا لەهەوڵدایە تاکوو بە ڕێککەوتنێکی دیکە پێش بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و پڕچەککردنی میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا بگرێت.
بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی پێش لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و تەنانەت پاش کۆتاییهاتنی شەڕەکەش، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕاگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم لەنێو ئێراندا هێڵی سوورە و تاران لە سەری ڕێكکەوتن ناکات.
ئەمریکا و ئیسرائیل پیتاندنی ئورانیۆم لە هەر ئاستێکیدا لەنێو ئێران بە هێڵی سوور دەزانن و ڕایانگەیاندووە کە ڕێگە نادەن چیدیکە تاران بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامە ناوکییەکانی درێژە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بدات.