کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

11:50 - 6 گەلاوێژ 2725

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ چیاکۆ یووسفی‌نژاد و  ئەوڕۆ دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، خەبات ئەمینی تێکۆشەرێکی دیکەی ژینگەپارێزی نیشتمان بەهۆی قووڵی برینەکانیانەوە شەهید بوون و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ژینگەپارێزی نیشتمان بوون. هەروەها چەند ڕۆژ پێشتریش پارێزەری دڵسۆز، حەمیدی مورادی گیانی خۆی لەو ڕێگایەدا پێشکەشی نیشتمانەکەی کردبوو.

بێ‌گومان بەرپرسایەتیی ڕووداوگەلێکی وەها و کوژاندنەوەی ئاگرگرتنە گوماناوییەکانی شاخ و کێو و دارستانەکانی کوردستان بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە بەڵام کۆماری ئیسلامی وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆی، ئەوەی بەلایەوە گرینگ نییە پاراستنی ژینگەی کوردستانە و لە ئاکامی ئەوەدایە کە ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمان قۆڵی هیممەتی لێ هەڵدەماڵن و بەوپەڕی دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسایەتیکردنەوە بە بێ هیچ ئیمکاناتێک بۆ پاراستنی نیشتمانەکەمان بە گژ ئاو و ئاگردا دەچن و لە گیانی خۆیان مایە دادەنێن.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەر بە بۆنەی شەهیدبوونی ئەم سێ لاوە شەهیدەی وڵاتەکەمان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکانیان، خەڵکی کوردستان، ژینگەپارێزانی دەروەست و خەڵکی شاری سنە دەکا و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ زامدارانی ئەم ڕووداوە تاڵە بە ئاوات دەخوازێت.

شیاوی ئاماژە پێکردنە شەهید چیاکۆ یووسفی‌نژاد هاوکات لەگەڵ ئەوەی تێکۆشەرێکی ژینگەپارێز و وەرزشکارێکی سەرکەوتوو بوو، ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوخۆی وڵات بوو.

سڵاو لە گیانی پاکی سێ شەهیدی نوێی گەلەکەمان حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفی‌نژاد و خەبات ئەمینی.

ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤