
ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "چیاکۆ یووسفی نژاد" شەهیدی ژینگەی کوردستان، هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی سنە و باقی شارەکانی کوردستان لە گۆڕستانی حەسەناوای سنە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤، تەرمی "چیاکۆ یووسفی نژاد" چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا لە گۆڕستانی حەسەناوای سنە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
لەم ڕێوڕەسمە بەشکۆیەدا، هەزاران کەس لە خەڵکی بەئەمەگ و ئەرکوەخۆگری کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید چیاکۆ، لەگەڵ شەهیدانی نوێی ژینگەی کوردستان و باقی شەهیدانی ڕێگای ئازادی پەیمانیان نوێ کردەوە.
لەم ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان، بنەماڵە مافخوازەکانی شۆڕشی ژینا، چالاکانی بواری ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدار بوون.
بەشدرابووان دروشمگەلی وەک: شەهید نامرێ، کاک چیا قارەمانە، شەهیدی کوردستانە، هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ، کوردستان ناوت بەرزە، دوژمن دەخاتە لەرزە و داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی" وتەوە.
لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداربووان بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەانبەر گیانلەدەستدانی چالاکانی ژینگەی کوردستان، خوازیاری وڵامدەربوونی ڕێژیم بوون.
تەرمی چیاکۆ یووسفی نژاد سەرەڕای هەوڵەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە تەنیشت تەرمی "هوومەن عەبدوڵڵاهی" لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە گۆڕستانی حەسەناوای سنە بە خاک سپێردرا.
بە هۆی ئاگرگرتنی کێوی ئاویەر لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، چەند کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بە سەختی بریندار بوون و بەداخەوە بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە سێ کەسیان بە ناوەکانی حومید مورادی، خەبات ئەمینی و چیاکۆ یووسفی نژاد شەهید بوون.