
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ئەمریکا بە ''سی ئێن ئێن''یان ڕاگەیەند کە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران ، ئەو وڵاتە نزیکەی یەک لەسەر چواری مووشەکەکانی ''تاد''ی بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بەکار هێناوە.
ئەم ڕێژەیەی بەکارهێنانی مووشەکی پێشکەوتووی ڕێگریکەری تاد، لە ڕێژەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی کۆگاکانی زیاترە.
ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا لەم شەڕەدا زیاتر لە سەد و ئەگەری هەیە تا ١٥٠ مووشەکی تادیان هاویشتبێ.
ئەم مووشەکانە لە تۆڕی بەرگریی مووشەکیی ئەمریکادا بە پڕتێچوو دێنە ئەژمار، بەکارهێنانی ئەو ژمارە زۆرەی مووشەک لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کاتێکدا ڕووی داوە کە پشتیوانیی گشتیی ئەمریکا بۆ سیاسەتی بەرگریکردن لە ئیسرائیل گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.
لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تۆڵەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل لە ئێران، ٥٥٠ مووشەکی بالستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
جگە لە مووشەکەکانی تاد، ئیسرائیل سیستمی پێشکەوتووی دژە مووشەکی خۆی بە ناوی ''ئارو یان پەیکان'' بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران بەکار هێنا.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا سەبارەت بەو شەڕە ڕایگەیاند، ٨٦ لەسەی مووشەکەکانی ئێران ڕێگرییان لێ کراوە .