
محەممەد تەها، بەرپرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سووریە ڕایگەیاند، یەکەمین هەڵبژاردنی پارلەمانی ئەو وڵاتە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد، لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بە سەرپەرستیی حکوومەتی نوێی سووریە بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەحمەد شەرع سەرکۆماری کاتی سووریە، ڕەشنووسی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پێ گەیشتووە، بەپێی ئەو یاسایە ژمارەی کورسییەکانی پارلەمان لە ١٥٠ کورسییەوە بۆ ٢١٠ کورسی زیاد کراوە.
حکوومەتی نوێی دەمیشق بەڵێنی داوە کە لە هەموو چین و گرووپەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەربژێر هەبێت و ڕایگەیاندووە، ڕێگە بە چاودێرانی بیانی دەدرێت چاودێریی کۆمیتەکانی هەڵبژاردن بکەن.
بەرپرسانی سووریە ڕایانگەیاندووە، ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتدان، لەوانە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە ڕۆژاوا و پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەیان دەروزین، هەر بەپێی ژمارەی دانیشتووانیان کورسی پارلەمانیان دەبێت.
بڕیارە پارلەمانی نوێ بوار بۆ پڕۆسەیەکی دێموکراسیی فراوانتر خۆش بکات، پرۆسەیەک کە ڕەخنەگران دەڵێن لە ئێستادا بەشدارییەکی پێویستی کەمینەکانی لەخۆ نەگرتووە.
هەروەها پارلەمان لە دەرکردنی یاسای سەرەکی بۆ چاکسازی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی بەرپرسیار دەبێت و ئەرکی پەسەندکردنی ئەو پەیماننامانەی پێ دەسپێردرێت کە دەتوانن هاوپەیمانییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سووریە بگۆڕن.