
وانەکانی ئەندێشەی سەوز
شەماڵ تەرغیبی
سەرەڕای ئەوەیکە داگیرکەران، ساڵهای ساڵە لە هەوڵدان تاکوو خاکی نیشتمانی کوردان داگیر بکەن و بە ئاگرتێبەردانی دارستانەکان سرووشتی جوانی لێ زەوت بکەن و لە هەزاران هەوڵی دزێودا سامانەکانی ئەم نیشتمانە بە تاڵان ببەن، بەڵام کەسانێک بوون و هەن کە لە بەرانبەر ئەم هەموو زێدەخوازی و نامرۆڤایەتییانەدا وەستاونەتەوە و لەم پێناوەشدا لە بەخشینی گیانی خۆیان لە ڕێگەی بستە خاکێکی ئەم نیشتمانە درێغیان نەکردووە.
مێژووی ئەم نیشتمانە زامدارە پڕ لە تراژێدیاگەلێکە کە ڕەنگە بە دەگمەن نەتەوەیەکی دیکە هەبێت کە بینیبێتی یان دەرکی پێ بکات. بە چەشنێک کە زۆر جاران دەگوترێ چارەنووسی ئێمە هەر شەهیددانە، شەهیدی نان و شەهیدی ئازادی و ڕزگاری و شەهیدی ژینگە و.... چارەنووسی کورد وای خواستوە لە پێناو گشت جوانییەکانی ژیان و مرۆڤایەتیدا هەروا شەهید ببێ و شەهید بدا. ئێمە ئەشێ بمرین تا ژیان شین ببێتەوە و ناشیرینی و سووتان ڕوخساری زەوی و مرۆڤایەتی لەوە ڕەشتر نەکات.
ئەوەیکە لەم نێوانەدا گرینگە ئەو ڕاستییەیە کە سەرەڕای هەموو داگیرکاری و تاڵانکردن و تێکدانەکان کە بەر سەر جەستەی ئەم نیشتمانەدا هاتوە دیسانیش ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی گیانی بەنرخی خۆیان لە پێناویدا دادەنێن و بێ گوێدانە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی ڕێژیمە ملهۆڕەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە بەختەوەری.
ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کێوی ئاویەری سنەی خوێناوی ئاگری تێبەردرا. بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، ئاگرەکە لە نزیک ناوچەی "پشت پارکی منداڵان" دەستی پێ کرد و بە خێرایی بە ناوچەکانی دیکەدا بڵاو بوویەوە کە بەداخەوە پاش ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگری بێبەزەیی لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزی ناوچەکە پۆلێک لە ڕێبوارانی رێبازی "ئەندێشەی سەوز" تووشی سووتانی سەخت بوون و لە ئەنجامدا حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی شنەی نەوژینی کوردستان ڕۆژێک دواتر چووە کاروانی شەهیدانی ژینگەوە. هەروەها شەوی ڕابردوو ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کاک چیاکۆ یووسفینژاد، وەرزشوانی خەڵکی سنە، یەکێکی دیکە لەو ژینگەپارێزانەی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەردا بریندار ببوو، شەهید بوو و ئەمڕۆش دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، کاک خەبات ئەمینی چالاکی ژینگەپارێز کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەری سنە تووشی سووتان ببوو، گیانی پێشکەشی نیشتمان کرد و پاش مەرگی خۆیان، باجوەرئاسا قەڵافەتی کوردێکی دەروەستیان لە زەینی تاک بە تاکی ئەم نیشتمانە زامدارە وێنا کردەوە.
ئەوەیکە پاش مەرگی سەفرازانەی ئەم خەمخۆر و دڵسۆزانەی نیشتمان بەرچاو دەکەوێ لەڕاستیدا دەکرێ لە چەند ڕەهەندەوە تاوتوێ بکرێت؛ یەکەم ئامادەبوون بۆ دانانی گیان لە پێناو سەوزمانەوەی کوردستان، دووهەم ئەمەگ و وەفای خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئیرادە و لەخۆبووردوویی تاکە نیشتمانپارێزەکان، سێهەم بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگایی گشتی کۆمەڵگە بەرامبەر بە دۆخی ژیانیان و داهاتوو و چارەنووسی لێکگرێدراویان، چوارەم زەبوونی و شکستخواردوویی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کاڵ و کەمڕەنگکردنەوەی ئەکتی دەروەستانەی تاکەکان، پێنجەم گرینگی و سەرەتیبوونی کاری بەکۆمەڵ کە خاڵی جەوهەری دژایەتیکردنی سیستمی حاکمە.
سامان و دەوڵەمەندی سەرچاوە سروشتییەکان لە زاگرۆسدا وای کردوە کە خەڵک هەر لە دێرزەمانەوە تا ئێستا لە قاتوقڕی و ژێردەستی و دەستدرێژکردنەوە و لە ئەنجامدا کۆچ و جێهێشتنی زێد و خاک دوور بخاتەوە و هەروەها هەمیشە چاوی تەماح و داگیرکاری لە دەرەوەی خۆیەوە لە لایەن گەلان و دەسەڵاتەکانەوە لە سەری بێت.
لە ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٧دا شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی لە چالاکانی ژینگەپارێز لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی شاری مەریواندا شەهیدبوون .
خەڵکی بەئەمەگی کوردستان کە هەمیشە ئامادەی گیانفیدایی لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستاندان، بە دروشمی "ئەندێشەی سەوزمان ڕێبەرە"، جیا لە ڕاگەیاندنی وەفاداریی خۆیان بە شەهیدانی ژینگە، پەیمانیان لەگەڵ شەهیدان و داربەڕووەکانی کوردستان نوێ کردەوە کە تا دوایین هەناسە ئەوانیش شەریفئاسا و ئومێدئاسا لەم پێناوەدا هەوڵ بدەن و نەهێڵن تاکە لقێک لە دارستانەکانی کوردستان لە ئاگری نەیاراندا بسووتێت و ئومیدەکان بمرن و شەرافەتی نیشتمان خەوشدار بێ.
پاش حەماسەی بەخاکسپاردنی شەهیدانی ژینگە و بەڕێ کردنیان بە سروودی ئەی شەهیدان بۆ مەنزڵگەی ئەبەدی، زیاتر لە جاران خەڵک هەنگاویان نایە ئەم مەیدانەوە و ئەوەی کە لە دەستیان هاتبێت درێغیان نەکردووە کە تازەترین نموونەی لەڕاستیدا خۆبەختکردنی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی، تازەترین شەهیدانی ژینگە و پێشوازی کردن لە تەرمەکەیان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوەیە.
شەهیدانی ژینگە بە بەخشینی گیانیان بەم نیشتمانە زامدارە، ڕۆحی یەکبوونیان لە نێو خەڵکدا زیندوو کردەوە و ڕایانگەیاند کە ژیانی داربەڕووەکانی زاگرۆس ئەوەندە بەنرخە کە دەبێ ئامادە بیت ژیانی بۆ بەخت بکەی.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی دارستان و لەوڕگەکانی کوردستان لە لایەن نەیارانی ژینگە و دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ژیانکوژی ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگریان تێبەردراوە و خەسارێکی یەکجار زۆر بەر ژینگەی کوردستان کەوتووە، ئەمە لە حاڵێكدایە کە ژینگەپارێزانی کوردستان هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانیش خستووەتە گەڕ و ئەوەی کە پێیان کرابێت بۆ ڕزگارکردنی دارستانەکان و گەڕاندنەوەی هەناسە بۆ ژینگەی زاگرۆس کردوویانە.
ئەوەیکە دەکرێ بە گرینگی و بە بایەخەوە سەیر بکرێ و ڕەنگە لە چەشنی خۆیدا کەموێنە بێت و دەبێ زیاتر و زیاتر پەرەی پێ بدرێت لەڕاستیدا هاتنە سەرشەقامی خەڵکی کوردستان بۆ پێشوازی لە تەرمی شەهیدە نوێیەکانی ڕێگای ڕزگاریی زاگرۆسە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە کە بە بەردەوامبوون لە تێبەردانی ئاگر لە جەستەی ئەم نیشتمانە، مەرگ و نەمان لای خەڵکی ئێمە ئاسایی بکاتەوە و پێمان بڵێ کە ئێوە مەحکوومن بە نەمان، بێ ئاگا لەوەی کە وەک دارەپیرەی چیرۆکی "جەلال مەلەکشا"، ئێمە نامرین، لەوپەڕی مەرگیشەوە هەر دێینەوە!
ئەم ئەکتە کە خەڵک لەم ساتەوەختانەدا دەیگێڕن نیشانەی ئەوپەڕی ئاگایی و گەیشتن بە دەرکێکی بەکۆمەڵە لە پێوەندی لەگەڵ هاوچارەنووسبوونیان و ئەرکیان بەرامبەر بە یەکتر؛ بەو مانایە کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە لەسەر شانیەتی کە لەگەڵ ئەوەی ئاگاداری پیلان و پلانی دوژمنان بێ دەبێ ڕێزیش لە گیانفیداکانی میللەتەکەی بگرێت و ڕێگا و ڕێبازەکەیان ون نەکات. ئەمە لەگەڵ ئەوەیکە دەبێتە هۆکارێک بۆ لێکنیزیکبوونی زیاتر و سازبوونی هاوپێوەندیی ڕۆحی، دەبێتە ئۆلگوویەکیش بۆ خەڵکانی تر و نەتەوەکانی تر لەو جوغرافیایەی کە بە ئێران دەناسرێ. وەک چۆن لە ڕووداوە سیاسییەکاندا هەمیشە کوردستان ئۆلگوو و سەرباشقەی خەبات و تێکۆشان بووە بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە حەماسانە کە دەخوڵقێن دەتوانن کاریگەری پۆزەتیڤیان هەبێ لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی دواتر.
بە شەهیدبوون و برینداربوونی ژینگەپارێز و دڵسۆزانی کوردستان ئەم کەتوارە دەردەکەوێ کە ڕۆڵەی بناری زاگرۆس، لە هیچ شێوە مەرگێک سڵ ناکاتەوە، بست بە بستی خاکی ئەم کوردستانە و لق بە لقی دارەکانی و دڵۆپ دڵۆپ ئاوی کانیاوەکانی ئەوەندە بەنرخن کە بەخشینی گیان کەمترین کارێکە دەکرێ بۆ پاراستنیان بکرێت چونکە دەزانن کە شەهید لوتکەی هەڵوێستی ئینسانە.
ژینگەپارێزان بە شەهیدبوونیان لە پێناو پاراستنی دارستانەکانی کوردستاندا بەردێکی دیکەی بناغەی بونیاتنانەوەی نیشتمانیان دانا و بە دڵنیاییەوە نەوەی داهاتووش ئەندێشەی سەوزیان ڕێبەر دەبێ.